ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

دەیڤد ئۆرنشتاین دوایین زانیاری لەبارەی گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید ئاشکرا دەکات

پێێز هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی جۆزێ مۆرینیۆ چڕکردووەتەوە

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید گفتوگۆی بۆ گەڕاندنەوەی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی دەستپێکردووە.

دەیڤد ئۆرنشتاین رۆژنامەنووسی تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، جۆزێ مۆرینیۆ بەربژێری دڵخوازی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدریدە و پێرێز دەیەوێت جارێکی دیکە مۆرینیۆ وەکوو راهێنەری ریال مەدرید دەستنیشان بکات.

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەمریکا، ماسی میلیانۆ ئالێگری، راهێنەری ئەیسی میلان، یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی و دیدیێ دێشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بەشێکی دیکەن لەو ناوە گەورانەی بەربژێرن پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید وەربگرن.

بەڵام ئۆرنشتاین روونیکردووەتەوە، ریال مەدرید تاوەکوو ئێستا لەگەڵ هیچکام لەو راهێنەرانە گفتوگۆی نەکردووە و هیچ بەرەوپێشچوونێک نییە، بەڵکو جۆزێ مۆرینیۆ تاکە راهێنەرە تاوەکوو ئێستا یانەکە لێی چووەتە پێشەوە.

ریال مەدرید لەگەڵ خۆرخێ مێندێش، بریکاری کارەکانی مۆرینیۆ لە گفتوگۆ بەردەوامە، راهێنەرە 63 ساڵانییەکە رازییە پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات و فلۆرێنتینۆ پێێز بیر لە گرێبەستەکە دەکاتەوە و بەمزووانە بڕیاری کۆتایی دەدات.

تاوەکوو ئێستا ریال مەدرید و بێنفیکا دانوستانیان نەکردووە، مۆرینیۆ تاوەکوو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ بێنفیکا هەیە، بەڵام بەگوێرەی مەرجێکی گرێبەستەکە، دوای تێپەڕینی 10 رۆژ بەسەر کۆتایی وەرزەکە، مۆرینیۆ دەتوانێت بە بڕی نزیکەی 3 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەە پۆرتوگالییەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئاتلێتیک ئاماژەی بەوەش کردووە، جۆزێ لە پۆرتوگال دڵخۆشە و یانەکەش دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە دڵی لای مەدریدە و ئامادەیە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێتەوە.

ریال مەدرید گرنگییەکی زۆر بە یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی دەدات، بەڵام کڵۆپ چەند جارێک بە ئاشکرا رایگەیاندووە، لە پۆستەکەی وەکوو بەڕێوبەری وەرزشی رێدبووڵ دڵخۆشە و بیر لە گەڕانەوە بۆ کاری راهێنەرایەتی ناکاتەوە.

هاوکات ماوریسیۆ پۆچێتینۆ لە مانگی نیسان رایگەیاند، ئامادەیە دوای مۆندیال گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریکا نوێبکاتەوە و هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ریال مەدرید نەکردووە.

تۆڕی ئاتلێتیک ئاماژەی بەوەش کردووە، چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ریال مەدرید بە تۆڕەکەیان راگەیاندووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز خۆی راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید دەستنیشاندەکات.

ئەمەش بە پێچەوانەی گرێبەستەکەی ئاڵۆنسۆ کە خۆزێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ریال مەدرید ئاڵۆنسۆی دەستنیشانکردبوو، پێرێزیش رووناکی سەوزی بۆ گرێبەستەکە هەڵکردبوو.

سەرۆکە 79 ساڵانییەکە پڕۆژەەیەکی نوێ بۆ بنیادنانەوەی ریال مەدرید دەستپێدەکات ئەمەش دوای ئەوەی دوو وەرزە بەدوای یەک نازناویان بەرزنەکردووەتەوە.

مۆرینیۆ لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە پۆستی راهێنەرایەتی بێنفیکای وەرگرتووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە هاوینی رابردو لە پۆستی راهێنەرایەتی فەنەرباچێ دوورخرایەوە.

جۆزێ سێ وەرز سەرپەرشتی ریال مەدریدی کرد، سێ نازناوی بەدەستهێنا، لالیگای وەرزی 2011/12، جامی شای ئیسپانیای 2011 و جامی سوپەری ئیسپانیای 2013، وە یەکەم راهێنەر بوو لە وەرزێکی لالیگا 100 خاڵی کۆکردەوە.

جۆزێ مۆرینیۆ هەنگاوێک لە بێرنابیۆ دوورە؛ وردەکاریی کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکە ئاشکرا دەکرێت

 

بابەتی زیاتر

Back to top button