
یاریگا –
تۆنی کرووس، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، لە نوێترین ئەڵقەی پۆدکاستەکەیدا، تیشکی خستە سەر سەرکەوتنی یانەی پاریس سان جێرمان بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و ستایشی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کرد کە لویس ئێنریکێ لە ئەقڵیەتی یاریزانەکانیدا دروستیکردووە.
ستایشی دێمبێلێ و پەیام بۆ ئەستێرەکان
کرووس ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن عوسمان دێمبێلێ، سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان، کاتێک لە یارییەکەی بەرامبەر بایرن میونشن لە خولەکی 65 گۆڕنکاریی پێ کرا، بەوپەڕی رێزەوە یاریگای جێهێشت.
کاتێک دێمبێلێ بەرامبەر بایرن میونشن گۆڕانکاری پێ کرا، تەوقەی لەگەڵ ئینریکێ کرد و لەسەر کورسی یەدەکەوە هانی هاوتیمەکانی دەدا، ئەوەش پێچەوانەی ئەو رەفتارانەیە کە لە %90ـی یاریزانانی دیکە دەیکەن و پێیان وایە ئەستێرەی تیمەکەیانن.
دانایی لویس ئێنریکی لە بەڕێوەبردنی تیمەکەدا
کرۆس دەستخۆشی لە لویس ئێنریکی کرد بۆ ئەو جۆرە بەڕێوەبردنەی کە هەیەتی و گوتی..
ئێنریکی باشترین یاریزانی جیهان لە خولەکی 65 دەهێنێتە دەرەوە، چونکە دەبینێت ماندوو بووە و یاریزانی وەکوو دووێ و کڤاراتسخێلیا ئەو رۆژە باشتر یاریی دەکەن. کەسیش ناڕەزایەتی دەرنابرێت، ئەمەش نیشانەی ئەو رێزە گەورەیەیە کە یاریزانەکان بۆ راهێنەرەکەیان هەیانە.
کرووس گوتیشی کە ئەم وردەکارییانە دەیسەلمێنن کە ئێنریکێ چۆن توانیویەتی کۆمەڵێک یاریزانی ئاست بەرز قاڵبکاتەوە و بیانکاتە یەک تیم، هەر بۆیە دڵخۆشە بە سەرکەوتنی پاریس سان جێرمان چونکە ئەمە سەرکەوتنی تیمە.



