گرنگترینمۆندیالی 2026

بەهۆی تانە و توانج یاریزانانی کۆریای باشوور بایکۆتی راگەیاندنەکان دەکەن

وەک پاڵپشتیەک لە کاپتنەکەیان

Yariga App

یاریگا –

بەهۆی پێشهاتێکی نەخوازراو یاریزانانی هەڵبژرادەی کۆریای باشوور بایکۆتی دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن، ئەوەش وەک پشتگیریەک لە هیونگ مین سۆنی کاپتنیان دوای ئەوەی رووبەڕووی قسەڵۆک و توانج بووەتەوە.

کۆریای باشوور لە یەکەم یاریی کۆمەڵەکەیاندا توانی بە ئاستێکی ناوازەوە دەرکەوێت و ریمۆنتادا بەسەر کۆماری چیکدا بکات 2-1 یەکەمین سێ خاڵی خۆیان مسۆگەر بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تەلەگرافی ئینگلیزی، لە راهێنانەکانی دوای یارییەکەی چیک، چەند راگەیاندنکارێک تانە و توانجیان لە هیونگ مین سۆن داوە بەهۆی تەواونەکردنی پابەندیە سەربازییەکانی لەو وڵاتە.

بابەتی سۆن و ئەرکی سەربازی چیرۆکێکە چەند ساڵێکە لە کۆریای باشوور درێژەی هەیە.

بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتە ئاسیاییە، هەر گەنجێکی وڵاتەکە گەیشتە تەمەنی 18 ساڵی پێویستە بچێتە خزمەتی سەربازیی. ئەوەش واتا سۆن دەبوو هەر لەدوای ساڵی 2010 ئەو پابەندییەی بە ئەنجام بگەیاندایە.

چەند ساڵێک ئەو پرسە درێژەی کێشا تا سەرەنجام هێرشبەرەکەی ئەوکاتی تۆتنهام سەردەمی کەرەنتینەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای بە دەرفەت زانی و سێ هەفتە مەشقی سەربازیی ناچاری ئەنجام دا. تەنانەت بە پلەی (پیلسونگ) مەشقەکانی تێپەڕاند کە دەدرێت بەو سەربازانەی زۆر بەباشی ئەرکەکانیان تەواو دەکەن.

بەڵام وا دیارە هێشتا سۆن، کە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 33 ساڵ، بەتەواوەتی ئەو بابەتەی لەسەر لانەچووە کاتێک لەدوای یارییەکەی چیک و لە راهێنانی ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی مەکسیک لە هەینی 19ی ئەم مانگە، لەلایەن چەند ررۆژنامەنووسێکی وڵاتەکەیەوە گاڵتەی پێدەکرێت.

لە بەرامبەردا، بایکۆتی میدیاکانی کردووە و بەدوایشیدا هاوتیمەکانی هەمان هەڵوێستیان گرتووەتەبەر وەک پاڵپشتیەک بۆ کاپتنەکەیان.

یەکێتی تۆپی پێی کۆریای باشوور هاتووەتەسەر هێڵ. لەپاڵ ئەوەی جەختیان لە دابینکردنی پانتاییەکی ئازاد کردووە بۆ فەراهمکردنی کەشێکی تەندروستی راگەیاندن، بەڵام سەرکۆنەی هەڵسوکەوتی ئەو کەسانەی کردووە کە تێوەگلاون لەو بابەتەدا. هاوکات یەکێتیەکە جەختیشیان کردووەتەوە کە پشتگیری لەپێشینەیان بۆ هەڵبژادەکەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button