
یاریگا –
ئالڤارۆ کارێراس، یاریزانی ریال مەدرید، دوای ماوەیەک لە بێدەنگی و رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێکی رەخنە، دواجار هاتە دەنگ.
کارێراس کە لەم دواییانەدا پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدرید لەدەستدابوو، لە رێگەی بەیاننامەیەک لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی، راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.
کارێراس لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی پابەندنەبوونی بڵاوبوونەتەوە هیچ بنەمایەکیان نییە و بەم جۆرە وەڵامیان دەداتەوە..
لە چەند رۆژی رابردوودا، هەندێک ناوزڕاندن و لێدوانی ناراست دەربارەی من بڵاوکراونەتەوە کە لەگەڵ راستیدا یەکناگرنەوە.
پابەندبوونم بەم یانەیە و ئەو راهێنەرانەی سەرپەرشتییان کردووم، لە یەکەم رۆژەوە نەگۆڕاوە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە. لەو کاتەوەی گەڕاومەتەوە، هەمیشە بە بەرزترین ئاستی پیشەگەری، رێز و دڵسۆزییەوە کارم کردووە. زۆر بە چڕی تێکۆشاوم بۆ ئەوەی خەونی گەڕانەوەم بۆ ماڵەکەم [ریال مەدرید] بەدیبهێنم.
سەبارەت بەو رووداوەی لەگەڵ یەکێک لە هاوتیمەکانم روویدا، ئەوە بابەتێکی کاتی و بێبایەخ بوو کە پێشتر چارەسەر کراوە. پەیوەندیم لەگەڵ تەواوی تیپەکە زۆر باشە.
هالا مەدرید!




