
یاریگا –
یانەی وەرزشیی زاخۆ، کە یەکێکە لە جەمسەرە بەهێزەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رووبەڕووی قەیرانێکی ناوخۆیی توند بووەتەوە کە هەڕەشە لە تێکدانی تەواوی دەستکەوتەکانی ئەمساڵی یانەکە دەکات.
بەپێی نوێترین زانیارییەکان، دۆخی ناو ژووری جلگۆڕینی یانەکە گەیشتووەتە لوتکە ئهمهش بههۆی كێشهی دارایی وهرنهگرتنی شایسته داراییهكانی یانهكه.
دوو مانگ بێ مووچەیی؛ سەبری یاریزانانی بڕی
سەرچاوەیەکی تایبەت و باوەڕپێکراو لە ناو یانەی زاخۆ بە تۆڕی وەرزشیی یاریگای راگەیاند؛ یاریزانانی یانەکە شایسته داراییهكانی دوو مانگیان لهلایی یانهكهیه و وهریان نهگرتووه، ئەم دواکەوتنە نەک هەر نیگەرانی دروستکردووە، بەڵکو بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی یاخیبوون لە ناو یاریزانەکاندا، کە ئێستا بە ئاشکرا هەرەشەی مانگرتن دەکەن.
ئۆرینۆ و جۆزێف؛ یەکەم پریشکی بایکۆت
لە نوێترین پێشهاتدا، هەریەکە لە یاریزانان (ئۆرینۆ و جۆزێف ماوریسیۆ) بڕیاریانداوە گەشت نەکەن لەگەڵ تیپەکە بۆ بەغدا بە مەبەستی ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی کەرخ.
ئەم دوو یاریزانە ئامادەنەبوونی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هیچ یارییەکدا دەربڕیوە تا ئەو کاتەی تەواوی شایستە داراییەکانیان وەردەگرن، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر کارگێڕیی یانەکە.
دوای یاریی کەرخ؛ وەستانی سەرتاسەری!
زانیارییە وردەکانی یاریگا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەڵوێستە تەنیا بۆ دوو یاریزان نییە، بەڵکو بڕیارێکی بەکۆمەڵە، سەرجەم یاریزانانی زاخۆ کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە یارییەکەی بەرامبەر کەرخ، دوا وێستگەی پشوودرێژییان دەبێت. ئەگەر دوای ئەو یارییە پارەکانیان بۆ خەرج نەکرێت، تیپەکە بەتەواوی بایکۆتی مەشق و راهێنان و یارییەکانی خولەکە دەکات.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، تاوهكو ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، کارگێڕیی یانەی زاخۆ هیچ وەڵامێکی فەرمی یان روونکردنەوەیەکی بۆ داواکاریی یاریزانەکان نەبووە، ئەمەش بێهیواییەکی زیاتری لە ناو تیپەکەدا دروست کردووە.
زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ لە پلەی حەفتەمی ریزبەندییه و تاوهكو قۆناخی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو رۆیشت و ئاستێکی بەرز و شایستەی پێشکەش کرد.



