
یاریگا –
ئالڤارۆ ئاربێلوا ، راهێنەری ریال مەدرید، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ئیسپانیۆل دەرکەوت و وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
رۆژی یەکشەممە، ریال مەدرید رووبەڕووی ئیسپانیۆڵ دەبێتەوە، مەدریدییەکان دەیانەوێت سێ خاڵی یارییەکە مسۆگەر بکەن، لە کاتێکدا دۆخی تیپەکە لە رووی ئەنجامەوە لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نییە.
کێشەکانی لەگەڵ دانی سیبایۆس؟
زیاتر لە 20 ساڵم لەم ژووری جلگۆڕینە بەسەربردووە، یەکەم شتێکیش کە فێریبووم ئەوەیە کە شتەکان هەر لەنێو ژووری جلگۆڕین دەمێننەوە، 20 ساڵە ئەم بۆچوونەم هەیە و هێشتاش باوەڕم پێیەتی.
داهاتوو و مۆرینیۆ
لەو پرسیارانە و کێشەکان تێدەگەم، بەڵام تاکە وەڵامی من ئەوەیە داهاتوو بۆ سبەینێیە، یارییەکەیە و بردنەوەی سێ خاڵەکەیە. هەر یارییەک بۆ من بابەتی ژیان و مردنە. ئەوە گرنگترین شتە.
کێشەی تیپەکە و دۆخی سەرکردایەتی
ئێمە تیپێکی زۆر گەنجین، تێکڕای تەمەنمان ئەوە دەسەلمێنێت. بێگومان هەندێک بارودۆخ هەبوون کە دەبوو باشتر مامەڵەمان لەگەڵدا بکردایە، بەڵام تیپێکی گەنج رەنگە تووشی ئەو هەڵانەی گەنجێتییە بێت. بەڵام دڵنیابن لێرە سەرکردە و یاریزانی خاوەن کەسایەتی گەورە هەن.
ماستانتۆنۆ؛ بەهرەیەک بۆ داهاتوو
ماستانتونۆ کوڕێکە زۆر بە باشی کاری خۆی دەکات. کاتێک یاریی دەکات حەزی هەیە ئەوەی لە ناخیدایە پێشانی بدات. دەکرا لە تیپی لاوان یاریی بکات، بەڵام بەهرە و پێگەیشتووییەکی زۆری هەیە، وەکوو ئەوە نییە تەمەنی 18 ساڵ بێت. ئایندەیەکی گەشی هەیە، ئەرجەنتینییەکان لێرە لەگەڵ ریال مەدرید زۆر باش دەنگونجێن.
رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسێلۆنا رێکدەخەن؟
ئەوە گەورەترین پاڵنەری من نییە، پاڵنەری من بردنەوەی سێ خاڵەکەیە چونکە تیپەکە پێویستی بەوەیە و پاڵنەرێکی لەوە گەورەتر نابینم.



