ئەم وەرزە بۆ ئەستێرەیەکی تۆتنهام کۆتایی هات و لە مۆندیال بێبەش دەبێت
بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاو دەکاتەوە

یاریگا –
ئەستێرەکەی یانەی تۆتنهام هۆتسپێر و هەڵبژاردەی هۆڵەندا پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی پێکان لە ئەژنۆیدا، لە یارییەکانی ماوەی ئەم وەرزە و مۆندیالی ئەم هاوینە بێبەش دەبێت.
رۆژی شەممەدا لە کاتی بردنەوەی تۆتنهام بە ئەنجامی 1-0 بەرامبەر وڵڤەرهامپتن، کە یەکەم بردنەوەیان بوو لە پرێمەرلیگ لە دوای 28ـی کانوونی یەکەمەوە، چاڤی سیمۆنس پاش تێپەڕبوونی نزیکەی کاتژمێرێک بەهۆی ئازاری ئەژنۆیەوە بردرایە دەرەوەی یاریگا.
لاوە 22 ساڵییەکە دوای بەیەکدا کێشانی لەگەڵ هۆگۆ بوێنۆی یاریزانی وڵڤز لە کاتی هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی تۆپەکە لە نێو یاریگادا، کەوتە سەر زەوی و دیاربوو کە ئازارێکی زۆری هەیە. دوای وەرگرتنی چارەسەر هەستایەوە سەر پێ، بەڵام دووبارە کەوتەوە و دواتر ناڕەزایەتی دەربڕی کاتێک رۆبێرتۆ دێ زێربی، راهێنەری تۆتنهام گۆڕانکاری پێکرد و جواو پالینیای خاوەن گۆڵی بردنەوەی خستە شوێنی. پاشان بە هەڵگرتن لە یاریگا بردرایە دەرەوە.

لە پۆستێکدا لە ئینستاگرام، سیمۆنز پشتڕاستی کردەوە کە وەرزەکەی کۆتایی هاتووە و هەلی نوێنەرایەتیکردنی هۆڵەندا لە مۆندیالی ئەمەریکای باکوور لەم هاوینەدا لەدەست دەدات.
چاڤی سیمۆنس نوسیوویەتی:
دەڵێن ژیان دەکرێت بێبەزەیی بێت و ئەمڕۆ هەست بەوە دەکەم. وەرزەکەم بە شێوەیەکی کتوپڕ کۆتایی هات و تەنیا هەوڵ دەدەم لێی تێبگەم و قبووڵی بکەم. راستگۆیانە بڵێم، دڵم شکاوە. هیچ کام لەمانە مانایان نییە.
هەموو ئەوەی دەمویست بیکەم جەنگان بوو بۆ تیمەکەم و ئێستا ئەو توانایەم لێ سەندراوەتەوە… لەگەڵ مۆندیالیشدا. نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەم لەم هاوینەدا… هەروا لەدەست چوو. کاتی دەوێت تاوەکوو ئەمە قبووڵ دەکەم، بەڵام بەردەوام دەبم لەوەی باشترین هاوتیم بم کە لە توانام بێت. هیچ گومانێکم نییە کە پێکەوە ئەم جەنگە دەبەینەوە.
ئێستا ئەم رێچکەیە دەگرم، بە رێنوێنی باوەڕ، بە هێزەوە، بە خۆڕاگرییەوە، بە بڕواوە، لە کاتێکدا رۆژەکان دەژمێرم بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگا.
لەگەڵم ئارام بن.
View this post on Instagram
تۆتنهام لەم وەرزەدا بەدەست کەمی دروستکردنی هەلەوە دەناڵێنێت، بەو پێیەی هەریەک لە دێیان کولوسێڤسکی و جەیمس مادیسن بەهۆی پێکانی ئەژنۆیانەوە تاوەکوو ئێستا لەم وەرزەدا یارییان نەکردووە. کولوسێڤسکی، هێرشبەری سویدی ئامانجیەتی لە مۆندیالدا بگەڕێتەوە دوای ئەنجامدانی دوو نەشتەرگەری لە ئەژنۆیدا، لە کاتێکدا مادیسن بۆ دوو یاری رابردوو گەڕاوەتەوە سەر کورسی یەدەگ دوای پێکانەکەی لە بەستەری ئەژنۆی، هەرچەندە دێ زێربی رایگەیاند کە ئەو زیاتر بەهۆی تواناکانی لە سەرکردایەتیکردندا بانگهێشتکراوە و هێشتا بە تەواوی ئامادە نییە.
سیمۆنس لە هاوینی رابردوودا لە یانەی لایپزیگەوە بە گرێبەستێک بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ (51.8 ملیۆن پاوەند؛ 70 ملیۆن دۆلار) پەیوەندی بە تۆتنهامەوە کرد و رێککەوتنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ واژۆ کرد. لەم وەرزەدا بەشداریی لە 41 یارییدا کردووە و پێنج گۆڵی کردووە.

لاوە هۆڵەندییەکە 34 یاریی نێودەوڵەتی بۆ هۆڵەندا کردووە و شەش گۆڵی هەیە. تاکە بەشداریی پێشووی لە مۆندیالدا، وەکوو یاریزانێکی یەدەک لە بردنەوەکەیان بە ئەنجامی 3-1 لە قۆناغی 16 بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مۆندیالی قەتەر لە ساڵی 2022 بوو.



