گەورەیەکی پرێمەرلیگ ئارەزووی گواستنەوەی لیڤاندۆڤسکی دەکات
بەربەستێکی گەورە هەیە

یاریگا –
دوای چوار وەرز، 193 یاری و 120 گۆڵ، کاتی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە بارسێلۆنا لە مانگی ئایاردا کۆتایی پێهات.
بەپێی زانیارییەکانی BBC کە رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاوی کردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی دەکات. ئەم یاریزانە پۆڵەندییە لە ئۆڵد ترافۆرد بەهایەکی بەرزی پێدەدرێت، چونکە لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەدا دەگونجێت کە یانەکە بەدوایدا دەگەڕێت؛ هێرشبەرێکی بەئەزموون و سەلمێندراو کە بتوانێت ئەنجامی خێرا بەدەستبهێنێت و لە هێڵی هێرشبەریدا تەواوکەری بێنجامین شێشکۆ بێت.
دەرفەتی یاریکردن لە پرێمەرلیگ بۆ یەکەمجار لە کاروانی پیشەگەرییەکەییدا، دەکرێت هۆکارێکی سەرنجڕاکێش بێت بۆ لیڤاندۆڤسکی لە کاتی هەڵبژاردنی یانەی داهاتووییدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەربەستێکی گەورە لە ئارادایە. بەگوێرەی سەرچاوەکە، مانچێستەر یونایتد پێی وایە داواکارییەکانی لیڤاندۆڤسکی بۆ مووچە زۆر بەرزن و ئامادە نییە مووچەیەکی هاوشێوەی ئەو بڕە پارەیەی پێشکەش بکات کە لە بارسێلۆنا دەستی دەکەوت. ئەمەش بووەتە هۆی ساردبوونەوەی گفتوگۆکان و ناڕوونی لە رێککەوتنەدا.
مانچێستەر یونایتد تەنیا یانە نییە کە ئارەزووی گواستنەوەی دەکات. چەندین تیمی خولی ئەمریکی (MLS)، بە سەرکردایەتی چیکاگۆ فایەر، لەپاڵ یانەکانی سعوودییە، چاودێریی دۆخەکەی دەکەن و توانای پێشکەشکردنی گرێبەستی دارایی زۆر سەرنجڕاکێشیان هەیە.
لەبەر ئەوە، داهاتووی لیڤاندۆڤسکی بە نادیاری دەمێنێتەوە و رەنگە بڕیاری کۆتایی تاوەکوو چەند هەفتەیەکی دیکە نەدرێت.



