پێش دەستپێکردنی مۆندیال سەبارەت بە ئێمباپێ نیگەرانی دروست دەبێت
کاپتنی کەشتییەکە رێگەی ونکردووە

یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ لە دوایین دوو یاریی دۆستانەی فەرەنسا بەرامبەر کۆتیڤوار و ئێرلەندای باکوور گۆڵی نەکردووە.
ئەگەرچی سەرکردایەتیکردنی لەلایەن دیدێ دیشامپی راهێنەرەوە ناخرێتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام لە فەرەنسا رەخنەی لێگیراوە بەهۆی ئاستی ئەم دواییەی و یاریکردنی وەکوو هێرشبەری نووک، پێگەیەک کە هەرگیز بە تەواوی لەگەڵیدا رانەهاتووە.
ئێمباپێ گەشتێکی کورتی بۆ مەدرید کرد لە ماوەی رۆژێکی پشوودا کە لەلایەن دیشامپەوە پێی درابوو، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە فەرەنسا و دواتر لەگەڵ پێکهاتەی تیمەکە بەرەو بۆستن بفرێت، ئەو شوێنەی لە ماوەی مۆندیالدا دەبێتە بنکە و شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەکە. فەرەنسا وەکوو یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ بردنەوەی پاڵەوانییەتییەکە دادەنرێت.
یەکێک لەو هۆکاری ئەو ئاستەنگیانەی ئەم دواییەی ئێمباپێ پەیوەندی بە تۆماری گۆڵەکانی ئۆلیڤیێ جیرۆوە هەیە. ئەستێرەکەی ریال مەدرید تەنیا گۆڵێک لە یەکسانکردنەوەی جیرۆ وەکوو گۆڵکاری مێژوویی فەرەنسا دوورە.

لە یارییە دۆستانەکاندا لە بەرامبەر کۆتیڤوار و ئێرلەندای باکوور، ئێمباپێ چەندین جار هەوڵیدا لە سەرجەم ناوچەکانی یاریگاوە گۆڵ بکات، بەڵام نەیتوانی تۆڕەکە بدۆزێتەوە. تەنانەت لە یاریی دووەمدا گۆڵێکی بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە.
لەم مۆندیالەدا، ئێمباپێ ئامانجی تەنیا یەکسانکردنەوە یان تێپەڕاندنی تۆمارەکەی جیرۆ نییە، بەڵکوو دەیەوێت لە لیستی گۆڵکارانی مێژوویی مۆندیالیشدا سەرکەوێت. ئەو ئێستا 12 گۆڵی مۆندیالی هەیە لە کۆی دوو پاڵەوانییەتی. ئەگەر زیاتر لە 13 گۆڵەکەی لیۆنێل مێسی بکات و چەندین گۆڵی دیکەش زیاد بکات، دەتوانێت پێگەی خۆی لەنێوان مەزنەکانی تۆپی پێدا زیاتر جێگیر بکات.
دیشامپ بەرگریی لە کاپتنەکەی کرد و گوتی:
ئێمباپێ شێوازێکی تەواو جیاواز لە سەرکردایەتیکردن دەهێنێت. ئەو دەزانێت چۆن گوێ بگرێت، چاودێریی بکات و هەمیشە بەرژەوەندییەکانی تیمەکە دەخاتە پێش بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیەوە.
هاوکات نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پێگەی ئێمباپێ وەکوو هێرشبەر رەواندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە سێ وەرزی دواییدا لەوێ یاریی کردووە و رۆڵەکە بە باشی دەزانێت.

ئێمباپێ لە شەش یاریی رابردووی خۆیدا تەنیا جارێک گۆڵی کردووە، چوار یاری لەگەڵ ریال مەدرید و دوو یاری لەگەڵ فەرەنسا. دوایین گۆڵی لە 23ـی ئایار لە بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بوو. پێکانێکی ئەژنۆ کە لە ناوەڕاستی وەرزدا تووشی بوو کاریگەریی لەسەر ئاستی هەبوو، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا متمانەی تەواوی پێیەتی.
وەکوو کاپتن و گەورەترین ئەستێرەی تیمەکە، چاوەڕوان دەکرێت ئێمباپێ سەرکردایەتیی فەرەنسا بکات کاتێک لە 16ـی حوزەیراندا دەست بە کەمپینی مۆندیال دەکەن لە بەرامبەر سێنیگال. هاوکات پێویستی بە باشترکردنی هاوبەشییەکەی لەگەڵ عوسمان دێمبێلێ دەبێت، کە هێشتا بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە.
بە بوونی هاوتیمی بەهرەمەندی وەکوو مایکڵ ئۆلیس، دێزیری دووێ و تیۆ هێرناندێز، فەرەنسا هەموو هۆکارێکی هەیە بۆ خەونبینین بە سێیەمین نازناوی مۆندیال. بەڵام ئێمباپێ پێویستە تیمەکە بخاتە پێش دەستکەوتە کەسییەکانەوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی خەونەکە.



