تەقینەوەی کێشەیەکی نوێ؛ ئێمباپێ و فیدراسیۆنی فەرەنسا بەهۆی کۆمپانیایەکی گرەوکردنەوە دەبێتە کێشەیان
ریکلامێکی کۆمپانیای گرەوکردن قەیرانێکی نوێ لە نێو هەڵبژاردەی فەرەنسا دروستدەکات

یاریگا –
بەهۆی بەکارهێنانی وێنەکانیان لە ریکلامی کۆمپانیایەکی گرەوکردنی ئۆنلاین، کێشەیەکی نوێ لە نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دروستبووە، بەتایبەت لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، ململانێیەکی نوێ لە نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا و یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا سەریهەڵداوە.
کێشەکە کاتێک دەستیپێکرد کە کۆمپانیای ‘بێتکلیک’ ریکلامێکی نوێی بە بەشداریی پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا پێش یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر کۆتدیڤوار بڵاوکردەوە. لە ریکلامەکەدا هەر یەکە لە کیلیان ئێمباپێ، رایان شەرقی، مایکڵ ئۆلیس، عوسمان دێمبێلێ و دێزیری دووێ دەرکەوتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە فەرەنسییەکە، یاریزانانەکان پێشوەختە ئاگاداری مەبەستی راستەقینەی ئەم وێنەگرتنە نەبوون. ئێمباپێ و شەرقی توندترین ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم کارە دەربڕیوە، چونکە پێیان وایە مەرجەکانی رێککەوتننامەی ساڵی 2023ـی نێوان پارێزەرانی یاریزانان و فیدراسیۆن پێشێل کراوە.
چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی تەرخانکردنی تەواوی سەرنجەکان بۆ مۆندیال، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دوای جامی جیهانی دوابخرێت.
Les Bleus, notamment Kylian Mbappé et Rayan Cherki, crispés par l’utilisation de leur image par une société de paris sportifs
➡️ https://t.co/y4hI6zG69M pic.twitter.com/oIHaHVYX3l
— L’Équipe (@lequipe) June 6, 2026

مێژووی دژایەتییەکانی ئێمباپێ بۆ کۆمپانیاکانی گرەوکردن
ئەم ململانێیە مێژوویەکی کۆنی هەیە و کیلیان خۆی رابەرایەتی دەکات؛ کاپتنەکەی فەرەنسا پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەوان نایانەوێت ناویان بە براندە ناتەندرووستەکان و کۆمپانیاکانی گرەوکردنەوە ببەسترێتەوە. ئێمباپێ لە لێدوانێکیدا رایگەیاندبوو؛
زۆربەی ئێمە لە گەڕەکێکەوە هاتووین کە ئەم جۆرە شتانە ژیانی زۆر کەسی وێران کردووە و من خۆم کەسانێک دەناسم کە بەدەستییەوە گرفتار بوون.
لای خۆیشییەوە، پارێزەرەکەیی ئێمباپێش هۆشداری داوە لەوەی کە ئەم جۆرە ریکلامانە ناوبانگ و بەها رەوشتییەکانی یاریزانان دەشێوێنن.

درزەکانی دیکە پێش گەشتکردن بۆ ئەمریکا
لە لایەکی دیکەوە، فیدراسیۆن پێی وایە پابەندی رێککەوتنەکە بووە، چونکە مەرجی دەرکەوتنی لانیکەم پێنج یاریزانی لە ریکلامەکەدا جێبەجێ کردووە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بڕیار بوو لە وەرزێکدا دوو جار کاپتنەکان و سەرۆکی فیدراسیۆن کۆببنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی براندەکان لەگەڵ بەهاکانی یاریزاناندا دەگونجێن یان نا، کە ئەمە نەکراوە.
جگە لەمەش، هێشتا یاریزانان و فیدراسیۆن لەسەر پاداشتی دارایی مۆندیال و بڕی بلیتی خێزانەکانیان رێکنەکەوتوون و یاریزانان بە ناتەواوی دەزانن.
پێویستە ئەم کێشانەش پێش گەشتەکەی رۆژی چوارشەممەی داهاتوویان بۆ ئەمریکا چارەسەر بکرێن.



