تەواو؛ بارسێلۆنا چارەنووسی مارکوس راشفۆرد یەکلایی دەکاتەوە
بڕیارەکە لەلایەن هانزی فلیکەوە دراوە

یاریگا –
کاروانی وەرزشیی مارکوس راشفۆرد لەگەڵ بارسێلۆنا گەیشتە وێستگەی کۆتایی.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، یانەی بارسێلۆنا بڕیاری داوە مافی کڕینەوەی راشفۆرد کە بەهای 30 ملیۆن یۆرۆ بوو، کارا نەکات و یاریزانەکە دەگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، تاوەکوو هەفتەی رابردوو، یانە کاتالوونییەکە نیازی کاراکردنی بڕگەی کڕینەوەی هێرشبەرە ئینگلیزییەکەی هەبوو، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک لەو بڕیارە پەشیمان بووەتەوە.
🚨 Rashford no seguirá en el Barça: el club no pagará los 30 millones al United. https://t.co/BTYZytjGbD
— MARCA (@marca) June 10, 2026
گۆردن هاوکێشەکەی گۆڕی و بڕیارەکەی هانزی فلیک
گواستنەوەی ئانتۆنی گۆردن بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ لە نیوکاسڵەوە، یەکەم ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە بارسا جیدیکە گرنگی بە مانەوەی راشفۆرد نادات.
دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم بڕیارەی بارسێلۆناوە بوون؛ یەکەم، شێوازی یاریکردنی گۆردن لە رووی بەرگری و فشاری بەرزەوە کە بە تەواوی لەگەڵ فەلسەفەکەی هانزی فلیک دەگونجێت، لە کاتێکدا راشفۆرد لەم رووەوە لاواز بوو. دووەم، هۆکاری تەمەن بوو؛ راشفۆرد لە تشرینی یەکەمی داهاتوو دەبێتە 29 ساڵ و سێ ساڵ و نیو لە گۆردن گەورەترە.
هاوسەنگی دارایی و دۆخی وەرزشی
لە رووی داراییەوە، تێچووی ساڵانەی هەردوو یاریزانەکە [مووچە + دابەشکردنی تێچووی گواستنەوە] هاوتا بوو؛ چونکە راشفۆرد مووچەیەکی خەیاڵی هەبوو سەرەڕای کەمکردنەوەی بە رێژەی لە %40، بەڵام تێچووی کڕینەکەی کەم بوو [30 ملیۆن]، لە بەرامبەردا گۆردن مووچەی کەمترە بەڵام تێچووی کڕینی [70 ملیۆن] بەرزترە، هەرچەندە ئاستی راشفۆرد لە کۆتایی وەرزدا باش بوو، بەڵام تووشبوونی بە دابەزینی ئاست بۆ ماوەی سێ مانگ لە ناوەڕاستی وەرزدا، گومانی لای کارگێڕی ییانەکە دروستکرد و لە کۆتاییدا فلیک بڕیاری بەڕێکردنی دا.



