پێشوازیی پاڵەوانانە لە عومەر ئارتان؛ سۆماڵ ئامێزی بۆ ئەو ناوبژیوانە کردەوە کە ئەمریکا بێبەشی کرد
"بەڵێن بێت مۆندیالی داهاتوو ئامادەبم"

یاریگا –
عومەر ئارتان، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سۆماڵی، گەڕایەوە وڵاتەکەی و پێشوازییەکی جیاوازی لێکرا.
دوای ئەوەی بۆ بەشداریکردن لە جامی جیهانی 2026، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە رێگەی پێنەدرا بچێتە نێو خاکەکەیانەوە، عومەر ئارتان، ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتەوە مەقدیشۆی پایتەخت و لەلایەن هاندەرێکی زۆر و بەرپرسانی باڵای حکومییەوە پێشوازییەکی پاڵەوانانەی لێکرا.
پەیامێکی بەهێزی نیشتمانپەروەری بۆ گەنجان
عومەر لەنێو فڕۆکەخانەی مەقدیشۆ، لە کاتێکدا سەدان هاندەر ئاڵای سۆماڵیان دەشەکاندەوە، قسەی بۆ میدیاکان کرد و بڕیاری رێگریکردنەکەی بە ناخۆش و نەخوازراو وەسفکرد، بەڵام داوای لە گەلی سۆماڵ کرد کە بەهێز بن و رووی دەمی کردە لاوان و گوتی؛
ئەوەی روویدا، روویدا و جێگەی داخ بوو. من سوپاسگوزاری فیفام بۆ ئەو پشتگیرییەی پێشکەشیان کردم، بەڵام دەمەوێت بە گەنجەکانمان بڵێم؛ هیوای خۆتان بەم وڵاتە لەدەست مەدەن. سۆماڵ هی ئێمەیە، چ بارودۆخەکە باش بێت یان خراپ. من ئێستا لە نیشتمانی خۆمدام و چاکترین شوێنە کە تێیدا بم.
هاوكات بەڵێنێکی مێژووییشی بە هاندەران دا و رایگەیاند؛
بەڵێنتان پێدەدەم، ئەگەر خودا حەز بکات، لە مۆندیالی داهاتوودا ئامادە دەبم.
ئەمریکا هۆکارەکەی ئاشکرا کرد؛ مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی!
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ هۆکاری فەرمی رەتکردنەوەی ئارتانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئەو ناوبژیوانە بەهۆی ‘پەیوەندی لەگەڵ چەند کەسێکی گومانلێکراو لە رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا’ ڤیزاکەی هەڵوەشاوەتەوە. بەرپرسانی ئاسایشی سنووری ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئارتان وەکوو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو باڵوێزخانەی ئەمریکا لە کینیا ڤیزای فەرمی گەشتەکەی پێبەخشیبوو. جێبەجێکردنی یاسای توندی کۆچبەران لە لایەن واشنتنەوە و قەدەخەکردنی گەشتی هاووڵاتیانی 12 وڵات [کە سۆماڵ یەکێکە لەوان]، بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە پرۆسەی ڤیزای مۆندیال.
بڕیاری کۆتایی فیفا و حکومەت
وتەبێژی فیفا پشتڕاستی کردەوە کە ئارتان چیدیکە ناتوانێت لە بنکەی مەشق و راهێنانی مۆندیال ئامادە بێت یان ناوبژیوانی یارییەکان بکات، کە بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە لە مەکسیکۆ سیتی دەستپێبکات. حکومەتی سۆماڵیش رایگەیاند کە سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ واشنتن و فیفا بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە بێهودە بوون و بە توندی بەم مامەڵەیەی ئەمریکا دڵگرانن. سەرڕای شۆکەکە، گەڕانەوەی ئارتان وەکوو پاڵەوانێک نیشانیدا کە ئەو کێشەیە نەبووەتە هۆی لەکەدارکردنی ئەو مێژووەی کە وەکوو یەکەم ناوبژیوانی وڵاتەکەی بۆ مۆندیال تۆماری کردبوو.
