قەدەخەکردنی بەکۆمەڵ؛ گورزێکی گەورە لە هەڵبژاردەی ئێران دەدرێت

یاریگا –
رێکارە توندەکانی حکومەتی ئەمریکا لە بەرامبەر چوونەژوورەی شاند، یاریزان، هاندەر و تەنانەت ناوبژیوانانیش بۆ نێو خاکی ئەو وڵاتە میواندارەی مۆندیال بەردەوامە و ئەمڕۆش گورزێکی گەورەی لە هەڵبژاردەی ئێران دا.
جیا لە شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەند مانگێکە درێژەی هەیە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رێکاری توندی بەرامبەر پرسی کۆچبەران هەیە. تا ئێستا جگە لە دەسبەسەرکردن و دواخستنی چەند یاریزانێکی دیاری ئاسیایی و بەرەگەز ئەفریقی کە دواتر مۆڵەتیان پێدرا لە فڕۆکانە دەربازببن، باشترین ناوبژیوانی کیشوەری ئەفریقا عومەر عەرتانی سۆماڵی رەوانەی وڵاتەکەی کرایەوە کە لەلایەن فیفاوە مافی بەڕێوەبردنی یارییەکانی پێدرابوو.
رێکارە توندەکانی مۆندیال بەردەوامە؛ یەکێک لە باشترین ناوبژیوانەکانی جیهان رەوانەی وڵاتەکەی کرایەوە
لە نوێترین پێشهاتدا، یەکێتی تۆپی پێی ئێران رایگەیاندووە بلیت لەو هاندەرانە کێشراوەتەوە کە پێشتر دەستیانخستبوو بۆ گەشتکردن بۆ ئەمریکا تا هانی هەڵبژاردەکەیان بدەن.
بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئەو بڕیارە کە تەنها پێش چەند رۆژێکە لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتیەکە و یەکەمین یاریی هەڵبژاردەکەیان لە 16ی مانگ بەرامبەر نیوزلەندا، خشتەی گەشتکردنی لە هاندەران تێکداوە و هەڵوەشاندووەتەوە بەوەی کە ناتوانن ئامادەی یارییەکان بن.
لە هەڵکشانی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە مانگەکانی رابردوو تا چەند هەفتەیەکیش تا ئەم دواییانەش کە شاندی هەڵبژاردەی ئێران گەیشتە مەکسیک، جۆرێک لە نادڵنیایی هەبوو بەوەی ئەو تیمە ئاسیاییە بڕیاری بەشدارینەکردن بدات. کە دواتر بەوە یەکلایی بووەوە دەبێت دوای هەرسێ یارییەکەیان لە قۆناخی کۆمەڵەکان کە لەسەر خاکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، راستەوخۆ ئەو وڵاتە جێبهێڵن و بۆ حەوانەوە رووبکەنە مەکسیک کە ئەویش هاوشانی ئەمریکا و کەنەدا وڵاتێکی میوانداری پاڵەوانێتیەکەیە.
ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی ئێران کۆتایی بە دەنگۆ و نادڵنیاییەکان هێنا
بەپێی یاساکانی فیفا، رێژەی 8%ی بلیتەکانی مۆندیالەکە بۆ هاندەرانی یەکێتیە بەشداربووەکانە لەو پاڵەوانێتیە، بەڵام یەکێتی تۆپی پێی وەک رایانگەیاندووە، بەشێوەیەکی نادادگەری هاندەرانی وڵاتەکەیان لەو مافە بێبەشکراون.



