ئینگلتەرا

ئاداما تراوری وەڵامی سەرسامکەری پێیە ئەوانەی سەرسامن بە ماسوولکە و جستە پتەوەکەی!

یاریگا- هاوشانی ئاستە بەرزەکەی ئەم وەرزەی، جەستە و لەشولارە پڕ ماسوولکەییەکەی ئاداما تراوری یاریزانی ۆوڵڤرهامپتنی ئینگلیزی، مایەی سەرسامیی بەشێکی هەوادارانی تۆپی پێیە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە زۆرێک لە سەرچاوە ئینگلیزییەکانیش بڵاویان کردۆتەوە، دوور لە بۆچوونەکان کە ڕەنگە پتەوی جەستە و کەڵەکەبوونی ماسوولکەکانی بەرئەنجامی چڕی ئەنجامدانی وەرزشی قورسایی بووبێت، بەڵام ناوبراو خۆی دەڵێت: “من وەرزشیی بەرزکردنەوەی قورسایی ئەنجام نادەم، ئەمە شتێکی زەحمەتە باوەڕی پێ بکرێت، بەڵام من قورسایی ئەنجام نادەم. ئەوەی هەمە شتێکی بۆماوەییە. ڕاهێنانی ئاسایی دەکەم، بەڵام زۆر زوو ماسوولکە پەیدا دەکەم.”

هەر لەو چاوپێکەوتەندا تراوری خۆشحاڵیی خۆی خستە ڕوو لە ئەگەری کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەلایەن ڕیاڵ مەدریدە و ڕووکردنە ئەو یانەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە یاریزانە ئیسپانییە بە ڕەگەز مالییەکە، پێشتر یاریزانی ئەکادیمیای بارسێلۆنا بووە، لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا ئامادە نەبوو هۆکاری ڕۆشتنی لە بلاوگرانا ئاشکرا بکات و گوتی: “هەڵە-تێگەشتنێک هەبوو لەگەڵ بارسێلۆنادا کاتێک جێمهێشت، ئەگەرچی ئەوە باشترین جۆری جێهێشتنی یانەکەت نییە، بەڵام هەر ئەوەش چیرۆکێکە و لای خۆم دەیپارێزم.”

دەربارەی گەڕانەوەشی بۆ خولی ئیسپانیا، یاریزانە 23 ساڵانەکە گوتی: “بێگومان حەز بە گەڕانەوە دەکەم، بەڵام بەڵێنم بە خۆم دا کە دەبێت لە ئینگلتەرا سەرکەوتووبم.”

یاریزانەکەی باڵی ڕاستی ۆوڵڤز، دوای ئەوەی ساڵی 2015 بارسای جێ هێشت، ڕووی کردە وێستهامی ئینگلیزی. دوای ساڵێک گواسترایەوە بۆ مێدڵزبەرە و پاشان لە 2018 هاتە ۆوڵڤەرهامپتن و ئێستا یەکێکە لە ڕەگەزە هەرە گرنگەکانی نونو سانتۆی ڕاهێنەرە.

Back to top button