
یاریگا –
ریال مەدرید دوێنێ شەو دووبارە گلەیی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان سیزار سۆتۆ گرادۆ و بەتایبەتی ناوبژیوانی ڤار پابلۆ گۆنزالێس فوێرتێس دەربڕی. بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ پشتی پێ بەستوون، هەموو بڕیارە سەرەکییەکان چ لە نێو یاریگا و چ لە ژووری ڤار بە دروستی دراون.
رووداوە جێگەی مشتومڕەکان
رووداوەکەی برایم دیاز: لە خولەکی 2ـی گێمی یەکەمدا روویدا و یاریزانانی ریال بێتیس داوای فاوڵیان دەکرد، بەڵام رێساکانی یارییەکە لە بۆردی نێودەوڵەتی IFAB لە یاسای ژمارە 12 روونی دەکەنەوە کە ئەگەر تۆپ بەر شان بکەوێت، وەکوو دەستلێدان هەژمار ناکرێت.
رووداوەکەی ریکاردۆ رۆدریگز: لە خولەکی 23 بوو کە ریال مەدرید داوای لێدانی سزای دەکرد. تەنانەت ئەگەر ئۆفسایدی جود بێلینگهامیش نەبوایە (کە یارییەکە رادەگرێت)، تۆپەکە لە دوورییەکی زۆر نزیکەوە بەر یاریزانەکە کەوتووە و کاتی کاردانەوەی نەبووە، بۆیە بە دەستلێدانی بێمەبەست دادەنرێت.
رووداوەکەی نێوان ئانتۆنی و مێندی: رێک پێش لێدانەکەی هێکتۆر بێلێرین روویدا، بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەمە تەنیا ئاڵەنگارییەکی جەستەیی ئاسایی بووە لە نێوان هەردوو یاریزانەکەدا و شایستەی فاوڵ نەبووە.
رێساکانی بۆردی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە یاریزان کاتێک جەستەی بە شێوەیەکی نائاسایی گەورە دەکات، کە قۆڵ یان دەستی بە جۆرێک بەکاربهێنێت کە رێگری لە تێپەڕبوونی تۆپەکە یان لێدانەکە بکات، بەتایبەت ئەگەر دەستەکە لە جەستە دوور بێت یان لە ئاستی شان بەرزتر بێت.
لە حاڵەتەکەی رۆدریگزدا، دەستەکە بە نزیک لە جەستە هەژمار کراوە و هیچ مەبەستێکی بۆ گەورەکردنی جەستە تێدا نەبووە.
رەوشەکە نیشانی دەدات کە سەرەڕای توندی ناڕەزایەتییەکانی مەدرید، بەڵام بڕیارە تەکنیکییەکان لەگەڵ یاساکانی تۆپی پێدا یەکدەگرنەوە.


