
یاریگا –
بەهۆی گواستنەوەی ئێنزۆ مارێسکا، بەرپرسانی باڵای هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و چێڵسی لە دانوستانێکی پێشکەوتوودان و بە فەرمی تاوتوێی بڕیاری قەرەبووکردنەوەی دارایی یانە لەندەنییەکە دەکەن.
تۆڕی BBC بڵاویکردووەتەوە، یانەکانی مانچێستەر سیتی و چێڵسی لە دانوستانە چڕەکانیان سەبارەت بە گواستنەوەی ئێنزۆ مارێسکا بۆ پۆستی راهێنەرایەتی سیتیزن، وەکوو جێگرەوەی پێپ گواردیۆلا، بەردەوامن.
پاش ئەوەی گواردیۆلا لە 22ـی ئایار رایگەیاند کە دوای دەیەیەک لە بەدەستهێنانی نازناوەکان، پۆستەکەی جێدەهێڵێت، کارگێڕیی مان سیتی خێرا مارێسکایان وەکوو بەهێزترین بەربژێر دەستنیشان کرد. ئێستا گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو و بەرپرسانی باڵای هەردوو یانە سەرقاڵی دیاریکردنی بڕی قەرەبووکردنەوەی دارایی چێڵسین.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە بەریتانییەکە، گفتوگۆکان لە قۆناخی کۆتاییداین و بەرەوپێشچوونی زۆریان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا بڕی پارەکە دیار نییە کە بڕیارە مان سیتی وەکوو قەرەبوو بیداتە بلووز.

کێشەی قەرەبووکردنەوە و دۆخی چێڵسی
مارێسکا، کە پێشتر نازناوی مۆندیالی یانەکان و کۆنفرانسلیگی لەگەڵ چێڵسی بەدەستهێنابوو، لە مانگی کانوونی دووەم یانەکەی جێهێشت و ئێستا زۆر پەرۆشە بۆ گرتنەدەستی پۆستی راهێنەرایەتی مان سیتی. یانە لەندەنییەکە پێی وایە بەهۆی ئەوەی مارێسکا تاوەکوو ساڵی 2029 گرێبەستی هەبووە و تەنیا شەش مانگ لەمەوبەر لە تیپەکە رۆیشتووە، پێویستە یانەکەی شاری مانچێستەر قەرەبوویەکی دارایی باشیان بکات.
مارێسکا پێشتر لە وەرزی 2022-2023 وەکوو یاریدەدەری گواردیۆلا لە سێینە مێژووییەکەی مانچستەر سیتی کاری کردووە و ناسیاوی تەواوی لەگەڵ ژینگەی یانەکەدا هەیە.
هۆکاری ساردبوونی پەیوەندییەکانی مارێسکا و بلووز
شەش مانگی کۆتایی مارێسکا لە ستامفۆرد بریج بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خاوەنەکانی یانەکە هێندە سەرکەوتوو نەبوو. سەرچاوەکانی چێڵسی ئاشکرایان کردووە کە مارێسکا بەردەوام گۆشەگیر بووە و گلەیی لە سیاسەتی گواستنەوەی یاریزانان، ستافی پزیشکی و تەنانەت شێوازی دیاریکردنی پێکهاتەی تیپەکە هەبووە. پاش جێهێشتنی یانەکە لە لایەن ئەم راهێنەرە ئیتاڵییەوە، ئاستی چێڵسی بە تەواوی دابەزی و نەینتوانی بگاتە پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا.



