دەکرێت بۆمبەکە ئالڤارێز بێت؛ بارسێلۆنا ناچێتە نێو جەنگی زیادکردنی نرخەوە
سنوورە داراییەکان روونن

یاریگا –
بارسێلۆنا سەبارەت بە ئەگەری ئۆفەرەکەی ریال مەدرید بە بەهای 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ خولیان ئالڤارێز نیگەران نییە.
ئەو ئۆفەرە 150 ملیۆن یۆرۆییەی بۆ یاریزانێکی ئاستباڵا کە فلۆرێنتینۆ پێرێز لە ماوەی کەمپینی هەڵبژاردندا ئاماژەی پێکرد، دەکرێت بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید بێت لە هەوڵێکدا بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ خولیان ئالڤارێز. ئەمە یەکێکە لەو بژاردانەی کە لەلایەن یانە مەدریدییەکەوە تاوتوێ دەکرێت و ئاماژەیە بۆ یەکێک لە ئامانجەکانی بازاڕەکە کە بارسێلۆناش بەدوایەوەیەتی.
کەس ئارەزووی بلاوگرانا بۆ هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە ناشارێتەوە. ئاتلێتیکۆ مەدرید دەزانێت کە بارسێلۆنا ئامادەیە تاوەکوو 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی هێرشبەرەکەیان بدات. بەڵام یانە مەدریدییەکە ئەو بڕە پارەیە بە ناتەواو دەزانێت. دانوستانەکە سادە نابێت، چونکە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانەکە ئێستا لە دۆخێکی باشدا نین.
ئەگەر لە کۆتاییدا ریال مەدریدیش بچێتە کێبڕکێکەوە، نرخەکە تەنانەت زیاتریش بەرز دەکاتەوە.

بارسێلۆنا هیچ نیەتێکی نییە بچێتە نێو جەنگی زیادکردنی نرخەوە بۆ هێرشبەرەکەی ئاتلێتیکۆ. لەنێو یانەکەدا سنوورە داراییەکانی پرۆسەکە زۆر روونن، چ لە پارەی جێگیر و چ لە پاداشتەکاندا و لەژێر هیچ بارودۆخێکدا ناگەنە ئەو ژمارە 150 ملیۆن یۆرۆییەی کە باسی لێوە دەکرێت.
بۆ ئێستا، بارسێلۆنا پارێزگاری لەو ئۆفەرە 100 ملیۆن یۆرۆییە دەکات کە چەند رۆژێک لەمەوبەر پێشکەشی کردووە و هیچ پلانێکی نییە بۆ زیادکردنی. ئەوان دڵنیان کە ئاتلێتیکۆ لە کۆتاییدا لە دەوروبەری ئەو ژمارەیەدا دانوستان دەکات، چونکە ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیاندایە ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەستەی کارگێڕی ئاتلێتیکۆ خولیان ئالڤارێزیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر ئارەزووی رۆیشتن دەکات، ئەوا ئاسانکاری بۆ رۆیشتنی دەکەن.
سەرەڕای ئەمەش، هێرشبەرەکە ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کە لەلایەن ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە پێشکەشی کرابوو رەتکردووەتەوە، چونکە پێدەچێت نیازی ئەو گەڕان بۆ ئاڵەنگارییەکی نوێ بێت. بارسێلۆنا ئێستا چاوەڕوانی کۆتا ئاماژەیە لەلایەن یاریزانەکەوە کە بە روونی ئارەزووی خۆی بۆ رۆیشتن نیشان بدات، چ لە رێگەی گفتوگۆیەکی راستەوخۆ لەگەڵ راهێنەرەکە یان لە رێگەی لێدوانە گشتییەکانەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی چارەسەرێکی خێرا و دەستبەجێ ناکرێت. یاریزانەکە ئێستا لەگەڵ تیمی نیشتمانیی ئەرجەنتینە و خۆی بۆ یاریکردن لە مۆندیال ئامادە دەکات. لە کاتێکی پاڵەوانییەتییەکە بە تەواوی و بە تایبەتی سەرنجی لەسەر ئەوە دەبێت، نەوەکوو لەسەر داهاتووی پیشەگەریی خۆی. هەر کاتێک پاڵەوانییەتییەکە کۆتایی هات، کاتی بڕیاردان دەگات.



