ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

پلانە شێتانەکەی پێرێز؛ ریال مەدرید بە 150 ملیۆن یۆرۆکە کێ دەگوازێتەوە؟

راپۆرتێکی شیکاریی تۆڕی ئەمریکی ئاتلێتیک

Yariga App

یاریگا –

پاش ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ریال مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئێستا هەموو سەرنجەکان لەسەر بەڵێنە گەورەکەی کەمپینی هەڵبژاردنەکەیەتی.

پێرێز رایگەیاندبوو کە پلانی هەیە بۆ کڕینی یاریزانێکی ‘گالاکتیکۆ’ لە یانەیەکی گەورەی چامپیۆنزلیگ کە بەهای گرێبەستەکەی لانیکەم 150 ملیۆن یۆرۆ دەبێت. ئەو دووپاتی کردەوە کە ئەم یاریزانە هێرشبەر یان یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە و پرێمەرلیگ یاری ناکات، هەروەها ئێرلینگ هاڵاندیش نییە.

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکی شیکارییدا، رای پێنج لە نووسەر و شرۆڤەکارە وەرزشییە گەورەکانی جیهانی کۆکردووەتەوە سەبارەت بەوەی کە ریال مەدرید لەم هاوینەدا پێویستە چۆن ئەو 150 ملیۆن یۆرۆیە خەرج بکات. راکان بە تەواوی جیاوازن و دابەشبوون بەسەر چەند بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش
.

بژاردەی یەکەم؛ کڕینی خولیان ئالڤارێز بۆ تێکدانی پلانی بارسێلۆنا

شرۆڤەکار؛ گیلێرمۆ رەی
ئەم جوڵەیە زیاتر لە گواستنەوەیەک؛ پەیامێکی بەهێزی رکابەرییە. ئەگەر من لە شوێنی پێرێز بووام، پێش ئەوەی بارسێلۆنا بتوانێت کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ مەدرید رازی بکات، خۆم دەچوومە پێشەوە بۆ کڕینی ئالڤارێز. بارسا دەیەوێت ئالڤارێز بکاتە جێگرەوەی لێڤاندۆڤسکی. بەم هەنگاوە، ریال مەدرید بارسا دەخاتە نێو جەنگێکی دارایی گەورەوە و لە کۆتاییدا رۆخی بلانکۆس ناچار دەبێت بەهۆی بێزاربوونی لە داواکارییەکانی بارسا، یاریزانەکە بە رکابەرە هاوشارییەکەی بفرۆشێت.

بژاردەی دووەم و شۆکە مێژووییەکە؛ بۆمبی لامین یامال [سیناریۆی فیگۆ]

شرۆڤەکار؛ جەیمس هۆرنکاسڵ
پێویستە پێرێز هاوشێوەی سیناریۆکەی لویس فیگۆ مامەڵە بکات. بچێتە لای کارگێڕیی بارسێلۆنا و پێیان بڵێت: ‘پیرۆزبایی لە داهاتەکانتان دەکەم، بەڵام قەرزەکانتان لە چ دۆخێکدایە؟ با یارمەتیتان بدەین، 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ لامین یامال!’ هەرچەندە ئەمە پێشنیارێکی تەواو سەیر و ناواقیعییە، بەڵام لێرە قسە لەسەر ریال مەدرید دەکرێت و ئەوان شتی لەم شێوەیە دەکەن. ئەم گواستنەوەیە چ دەنگدانەوە و مێژوویەک بۆ سۆشیاڵ میدیا و دۆکیۆمێنتارییەکانی نێتفلێکس دروست دەکات!

بژاردەی سێیەم؛ چارەسەرکردنی کێشەی هێڵی ناوڕاست

شرۆڤەکاران؛ ئەمێلی کلایدۆن و کۆلین میلار
ئەم هاوینە کاتی پارە خەرجکردن نییە بۆ هێرشبەری دیکە، چونکە پێکهاتەی مێرێنگی پڕە لە ئەستێرەی وەکوو ئێمباپێ، ڤینیسیۆس، بێڵینگهام و رۆدریگۆ. دوای وازهێنانی تۆنی کرۆس لە تەمموزی 2024، بۆشاییەکی گەورە لە دڵی هێڵی ناوڕاستی مەدریددا دروست بووە. یانەکە پێویستی بە یاریزانێکی وەکوو جواو نێڤێش یان ڤیتینیا هەیە تاوەکوو بتوانن ریتمی یاری کۆنتڕۆڵ بکەن. ریال مەدرید وەرزی رابردوو 20 گۆڵی لە چامپیۆنزلیگ لێکراوە و کڕینی نێڤێش و دانانی لە بەردەم هێڵی بەرگریدا، دەبێتە قەڵایەکی پارێزەر.

 بژاردەی چوارەم: کڕینی روبن دیاس

شرۆڤەکار: جۆرج ئێدواردز
ریال مەدرید وەرزی رابردوو بێ نازناو مایەوە و پێویستی بە هێز و توندی هەیە لە هێڵی بەرگری. پاش گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ راهێنەرایەتی یانەکە، ئەو هەمیشە تیپەکانی لەسەر بنەمای سەرکردەی بەهێزی هێڵی بەرگری بنیاد دەنێت. بۆیە کڕینی دیاس، بەرگریکاری تەمەن 29 ساڵی مانچێستەر سیتی و هاونیشتمانییەکەی مۆرینیۆ، باشترین بژاردەیە. لە پاڵ ئەوەشدا، کڕینی سێرهۆ گێراسی لە دۆرتمۆند وەکوو بژاردەیەکی کاتی بۆ هێرشبەر دەکرێت بەشێک لە پارەکەی بۆ تەرخان بکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button