یاریگا –
ئۆڤید حاجۆ، راهێنەری کوردی رۆژئاوای کوردستان بووە یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیای ژێر 21 ساڵ.
حاجۆ بە رەچەڵەک خەڵکی تربەسپی رۆژئاوای کوردستانە و ماڵباتەکەی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو بەرەو ئەڵمانیا کۆچیان کردبوو. راهێنەرە کوردە ئەڵمانییەکە لە 10ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 1983 لە گیلسێنکیرشن، ئەڵمانیا لەدایکبووە.
راهێنەرە کوردەکە پێشتر یاریی بۆ یانەکانی ئالێن، مونستێر و لۆتێ کردووە و لە ساڵی 2008 و لەتەمەنی 24 ساڵیدا، بەهۆی پێکانێکی سەختی ئەژنۆ، بەناچاری وازی لە یارییکردن هێنا.
ئۆڤید حاجۆ سەرەتا وەکو زانیاریدەسخەر (دۆزەرەوەی یاریزان) و یاریدەدەری راهێنەر، کاری لەگەڵ یانەی لۆتێ کرد و تاوەکو وەرزی 2012/13 بەردەوامبوو. لە وەرزی 2013/14 ئۆڤید بووە یاریدەدەری مایک ڤالپورگیس، راهێنەری یانەی ئۆسنابرووک و لە ساڵی 2017 لەگەڵ هەمان راهێنەر چووە یانەی ئینگلۆشتاد و بووە یاریدەدەری.
راهێنەرەکەی رۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 2018 لەگەڵ ڤاڵپورگیس، چووە یانەی دینامۆ دریسدن و لە هەمان پۆست بەردەوام بوو. لە حوزەیران/یۆنیۆی ساڵی 2021 بووە یاریدەدەری راهێنەری دارمشتاد، کە یانەیەکی بەشدارە لە خولی پلەدووی ئەڵمانیا.
حاجۆ وەکو راهێنەرێکی لاوی دەرکەوتوو بووە باسی رۆژنامەکانی ئەڵمانیا، دوێنێ 9ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی 2024، بووە یاریدەدەری تۆرستن لیبێرکنێخت، راهێنەری هەڵبژاردەی ژێر 21ی ساڵی ئەڵمانیا.
ئۆڤید، ناونیشانی شیعرێکی رۆمانییە و باوکی مەیلێکی زۆری بۆ هونەر هەیە، بۆیە ناوی ناوە ئۆڤید.