ئه‌ڵمانیائینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ئەستێرە کوردەکە گەڕایەوە بوندسلیگا

کوڕەکەی عامودای رۆژئاوای کوردستان بووە یاریزانی شتوتگارت

یاریگا –

مەحمود داود، یاریزانی کوردی رۆژئاوای کوردستان و برایتن، ئەمڕۆ گەڕایەوە بۆندسلیگا و پەیوەندی بە شتوتگارت کرد.

دوێنی چوارشەممە 31ی یەنایەر/کانوونی دووەم لە ئەڵمانیا بیندراوە، ئەمەش دەنگۆکانی گەڕانەوەی بۆ بوندسلیگا زیاتر لێکردبوو و ئەمڕۆ هەموو شتێک یەکلایی بووەوە.

یاریزانی تەمەن 28 ساڵان دەبێتە دووەم یاریزان لە برایتنەوە بە خواستن پەیوەندی بە شتوتگارت بکات، ئەمەش دوای گواستنەوەی دێنیز ئونداڤ، لەسەرەتای هاوینی رابردوودا.

گرێبەستی نێوان داود و شتوتگارت تاوەکو 30ی حوزەیران/یۆنیۆی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، یانە ئەڵمانییەکە بڕگەیەکی بۆ گواستنەوەی هەمیشەیی لە گرێبەستەکە زیاد کردووە.

داود لە هاوینی رابردوودا بە گواستنەوەیەکی ئازاد، لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە پەیوەندی بە برایتن کرد. تەنیا 14 یاری لە تەواوی پاڵەوانیەتییەکان بۆ برایتن کردووە. دوا یاری لە 9ی دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی رابردوو بوو، لە بەرامبەر بێرنلی.

یاریزانی نێودەوڵەتی ئەڵمانی بەرهەمی ئەکادیمیای بۆڕووسیا مۆنشنگلادباخە، دواتر یاری بۆ تیمی یەکەمی گلادباخ کرد و لە کۆی 86 یاریدا هەشت گۆڵ و 16 ئەسیستی هەبوو.

لە هاوینی ساڵی 2016 پەیوەندی بە دۆرتموند کرد و بەشداری لە 141 یاری کرد. مەحمود داود 141 یاری لەگەڵ زەردەواڵەکان کرد، لە ماوەی شەش ساڵدا تەنیا پێنج گۆڵ و 17 ئەسیستی هەبوو.

شتوتگارت ئاستێکی بەرز و چاوەڕواننەکراو لە بوندسلیگا پێشکەش دەکات، ئێستا لە پلەی سێیەمە و شەممەی داهاتوو بەرامبەر فرایبورگ یاری دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button