ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیالی 2026

دۆسیەی تۆماس پارتی ئاڵۆزتر دەبێت؛ دەرکەوتنی لە چالاکییەکی منداڵان نیگەرانیی لێدەکەوێتەوە

Yariga App

یاریگا –

سەرەڕای ئەوەی بەهۆی دۆسیەی دادگایی و تۆمەتەکانی دەستدرێژیی سێکسی لە بەریتانیا، کەنەدا ڤیزای چوونە ژوورەوەی بە تۆماس پارتی نەدا، بەڵام یاریزانەکە لە کەمپی مەشقەکانی گانا لە ویلایەتی رۆد ئایلەندی ئەمریکا دەرکەوت و بەشداری چالاکییەکی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ منداڵان کرد.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ئەم دەرکەوتنەی پارتی نیگەرانییەکی زۆری لای بەشێک لە خەڵک و چاودێران دروستکردووە، بەتایبەت کە زانکۆی برایانت [ شوێنی کەمپی مەشقەکان] رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە بەهۆی بۆشایی ئەمنی و نزیکیی یاریگاکە لەو کچانەی هەرزەکار کە لەوێ کەمپی هۆکی دەکەن

فیفا و زانکۆکە دەڵێن رێوشوێنی ئەمنیی توندیان گرتووەتەبەر، بەڵام پرسیارەکان لەسەر پاراستنی سەلامەتی منداڵان لەم مۆندیالە هێشتا بە کراوەیی ماونەتەوە.

لە مانگی تەممووزی ساڵی 2025 پۆلیسی لەندەن پێنج تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و تۆمەتێکی گێچەڵی سێکسی خستە پاڵ پارتی کە پەیوەندی بە سێ ژنی جیاوازەوە هەبوو، لە مانگی شووباتی ساڵی 2026 دوو تۆمەتی دیکەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنێکی دیکە خرایە پاڵ یاریزانەکە.

لە بەرامبەردا، پارتی سەرجەم ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و پارێزەرەکەی دەڵێت ئەو تەنیا دەیەوێت بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێت. بڕیار وایە دانیشتنی دادگاییەکەی بخرێتە سەرەتای ساڵی 2027.

دۆسیەی پارتی بووەتە هۆی دروستبوونی دوو هەڵوێستی جیاواز لە نێوان وڵاتانی میوانداری مۆندیال؛ حکومەتی کەنەدا ڤیزای بە پارتی نەدا و رێگەی نەدا بەشداریی یەکەم یاریی وڵاتەکەی بەرامبەر پەنەما بکات کە لە تۆرۆنتۆ بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی.

 لە بەرامبەردا، ئەمریکا ڤیزای پێداوە و دەتوانێت لە یارییەکانی داهاتوو بەرامبەر ئینگلتەرا و کرواتیا یاریی بکات.

حکومەتی گانا ئەم بڕیارەی کەنەدای بە ناڕەوا لە قەڵەم دا و دەیەوێت رێکاری یاسایی بگرێتەبەر، بەو پێیەی یاریزانەکە تاوەکوو ئێستا بە فەرمی تاوانبار نەکراوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button