
یاریگا –
ناونیشانێکی نوێ و چاوەڕواننەکراو دێتە سەر مێزی گفتوگۆکانی یانەی بارسێلۆنا.
رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی دانوستانەکانی نێوان یانەی بارسێلۆنا و یانەی هیلالی سعوودی بۆ یەکلاییکردنەوەی داهاتووی جواو کانسێلۆ، ناوی هێرشبەری ئوروگوایی، داروین نونێز بە شێوازێکی کتوپڕ دێتە ئاراوە.
💥 Darwin Núñez se pone a tiro para el Barça
✍️ @gbsans https://t.co/PNEn1DKrRM
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) May 31, 2026
پلانەکەی بارسا؛ داروین دەبێتە کاتالوونی؟
رۆژنامە کاتالوونییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ژمارە یەک و سەرەکی بارسێلۆنا بۆ هێڵی هێرشبردن هێشتا خولیان ئالڤارێزە، بەڵام گواستنەوەی یاریزانێکی وەکوو نونێز بە خۆڕایی، هەلێکی زێڕینە کە ناتوانرێت بە ئاسانی پشتگوێبخرێت.
تەنیا بەربەست لەبەردەم بارسێلۆنا پرسی تێچووی دارایی و سەقفی مووچەی یانەکەیە، چونکە تەنانەت ئەگەر یاریزانەکە بە گرێبەستێکی ئازادیش بێت، بارسا پێویستی بە رێکخستنی بودجەی مووچەکانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ناوی هێرشبەرە ئوروگواییەکە تۆمار بکات.
کاروانی وەرزشی هێرشبەرەکە لە خولی سعوودی پڕ بوو لە گۆڕانکاری دراماتیکی؛ نونێز لە یانەی لیڤەرپوولەوە بە بڕی 53 ملیۆن یۆرۆ رووی لە هیلال کرد بەو هیوایەی ببێتە چەکی سەرەکی لە تاکتیکەکانی سیمیۆنی ئینزاگی و سەرەتای یاریزانەکە زۆر باش بوو، بەڵام لە زستاندا کاتێک یانەکە کەریم بێنزێمای گواستەوە، هەموو هاوکێشەکان گۆڕان.
بەهۆی یاسای خولی سعوودی کە تەنیا رێگا بە تۆمارکردنی 10 یاریزانی بیانی دەدات، هیلال ناچار بوو ناوی داروین لە لیستی خولەکە بۆ نیوەی دووەمی وەرز بسڕێتەوە و تەنیا لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا یاری پێ بکات.
ئەم دۆخە یاریزانەکەی بە تەواوی دڵگران کردووە، بەگوێرەی هەمان سەرچاوەش، داروین لەگەڵ بەرپرسانی هیلال گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی، ئەمەش رێگای پێدەدات لەم هاوینەدا وەکوو یاریزانی ئازاد و بێبەرامبەر بگەڕێتەوە ئەوروپا.



