چامپیۆنزلیگ

ئاماری سەرسوڕهێنەر؛ ڤیتینیا ژمارە ناوازەکەی ئەفسانەکەی بارسێلۆنای یەکسانکردەوە

Yariga App

یاریگا –

لە شەوی سەرکەوتنی پاریس سانجێرمان بەسەر ئارسیناڵدا لە فیناڵی چامپیۆنزلیگی 2025/26 جارێکیتر ڤیتینیای ئەستێرەی پۆرتوگالی باڵادەستی بەسەر هێڵی ناوەڕاستدا سەپاند.

هەردوو یانە دوای یەکسانبوون بە گۆڵێک تا لێدانە یەکلاکەرەوەکان، دواجار پاریسیەکان گرەوی لێدانەکانیان 4-3 بردەوە و بۆ دووەم جار لە مێژووی خۆیاندا و بۆ دووەم وەرز لەسەریەک بوونە پاڵەوانی جامەکە.

پاریس سانجێرمان بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی 2025/26

ڤیتینیا کە لە خولەکی 106 دوای هەستکردن بە ئازار گۆڕانکاریی پێکرا، هێشتا وەک باشترینی یارییەکە دەستنیشانکرا. ئەوەش بەهۆی کاریگەری لە رێکخستنی تیمەکەی لویس ئێنریکی.

یاریزانە 26 ساڵیەکە کە هاوینی 2022 بە بڕی 41.5 ملیۆن یۆرۆ لە پۆرتۆی وڵاتەکەیەوە گواسترایەوە بۆ ریزەکانی پی ئێس جی، بەرامبەر ئارسیناڵ 141 پاسی دا. کە بەفەرمی یەکسانبووەوە لەگەڵ ژمارەی پاسەکانی چاڤی هێرناندێز.

ریکۆردی زۆرترین پاس لە یارییەکی فیناڵی چامپیۆنزلیگدا لەوەتەی ساڵی 2011 تا ئێستا تەنها بە ناوی ئەفسانەکەی بارسا بوو کاتێک لەو ساڵەدا لە بردنەوەکەیان 3-1 بەرامبەر مانچێستەر یونایتد توانی 141 پاس بدات.

ئەمشەو ڤیتینیا خۆی کردە هاوبەشی چاڤی، بەجۆرێک کە بە تەنها ژمارەی پاسەکانی ئەو ناوەڕاستکارە پۆرتوگالیە نزیکبوو لە نیوەی کۆی پاسەکانی تەواوی یاریزانانی ئارسیناڵ کە بەدرێژایی زیاتر لە 120 خولەک (بە خولەکە زیادکراوەکانیشەوە) تەنها 311 جار پاسیان دابوو.

تۆڕی Squawka بڵاویکردووەتەوە کە پاسەکانی ناوەڕاستکارەکەی پاریس بەرامبەر ئارسیناڵ بە رێژەی 94% دروستبووە.

ئەندازیارەکەی هێڵی ناوەندی پی ئێس جی لە کۆی 17 یاریی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ، لە 9 یارییدا توانیبووی ژمارەی پاسەکانی بگەیەنێتە زیاتر لە +100 پاس. لە کۆی هەر 17 یارییەکەش خاوەنی 1,589 پاسە کە ریکۆردێکی مێژووییە لەو پاڵەوانێتیەدا.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button