فەرمی؛ ئارتێتا گرێبەستەکەی نوێکردەوە
یاریگا –
بەفەرمی میکێل ئارتێتا گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ نوێکردەوە.
ماڵپەڕی فەرمی ئارسیناڵ بڵاویکردووەتەوە، بەشێوەیەکی فەرمی لەگەڵ ئارتێتا گەیشتوونەتە رێککەوتن و گرێبەستەکەیان تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 نوێکردووەتەوە.
Belief in what we do.
Mikel Arteta has committed his future to The Arsenal ✊ pic.twitter.com/fo9zS9jvL5
— Arsenal (@Arsenal) September 12, 2024
بەگوێرەی زانیارییەکانی ESPN مووچەی ساڵانەی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە 9 ملیۆن پاوەند بۆ نزیکەی 20 ملیۆن پاوەند زیادکراوە.
میکێل ئارتێتا لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەڵێت؛
هەست بە شانازییەکی لەڕادەبەدەر دەکەم، زۆر خروشاوم و بەپەرۆشم بۆ داهاتوو. شانازی بە پەیوەندییەکانم لەگەڵ تەواوی ئەندامانی یانەکە دەکەم.
زۆر بەبەختم، چونکە رۆژانە کار لەگەڵ ئەم کەسانە دەکەم، کە خاوەنی ویستێکی گەورەن. هەست بە ئیلهامبەخشیی و چاڵنجی بەردەوام دەکەم. دەمەوێت زۆر لەوەی زیاتر کە کراوە بکەم.
بەیەکەوە لەگەڵ یاریزانان و ئەندامانی یانەکە، بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ساڵانی داهاتوو دەکەین. لەگەڵ هاندەرانی خۆمان کە بە سۆزێکی زۆرەوە یانەکەیان گۆڕیووە. هاندەران کەسەکانیان گۆڕیوە و ئێستا کەسی جیاوازین. دەتوانین بڵێین ئێستا کەسانی جیاوازین و زیاتر لە هاندەران نزیکین.
ئیدو، بەڕێوەبەری وەرزشی گەنەرز زۆر بە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئارتێتا دڵخۆشە و دەڵێت؛
دڵخۆشین بە نوێکردنەوەی درێژمەودای گرێبەستی میکێل. زۆر گەشبین و شەڕەفمەندین بۆ ئەم ساتە گرنگە، کە هەموومان کاری بۆ دەکەین. لە رۆژانی یەکەمەوە، میکێل تواناکانی خۆی پیشانداوە، نەک وەکو بەڕێوەبەرێکی تۆپی پێ، بەڵکو وەکو کەسێکی خاوەن بەهای سەرسووڕهێنەرە. بڕوایەکی زۆرمان بە سیاسەتی خۆمانە، چونکە دەمانەوێت بەیەکەوە دەستکەوت بەدەستبهێنین. نوێکردنەوەی گرێبەستی میکێل سەقامگیری و دیدگایەکی روونمان پێدەدات.
ئەم پەرەسەندەنە لەناکاوەی نێو قەڵای ئیمارات، چەند رۆژێک بەر لە یاریی دێربی باکووری لەندەن بەرامبەر تۆتنهام روویدا و ئەمەش کاریگەری لەسەر تەواوی تیمەکە دروستدەکات.
ئارتێتا لە ساڵی 2019 شوێنی یونای ئێمری گرتەوە و لەوساتەوە، چەند جارێک لە بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ نزیکببووەوە، بەڵام باڵادەستی مانچێستەر سیتی رێگربوو.
ئارتێتا لە ساڵی 2020 جامی FA بەدەستهێنا و لەدوای حەوت ساڵ دابڕان، ئارسیناڵی گەڕاندەوە چامپیۆنزلیگ و وەرزی رابردوو پلەی دووەمی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا.
لەم وەرزەەدا، ئارسیناڵ لەکۆی سێ یاریدا حەوت خاڵی کۆکردووەتەوە و یاریی داهاتووی بەرامبەر تۆتنهامە.
ئارتێتا تووشی کێشەیەکی ئاڵۆزبووە، بەهۆی پێکان بێبەش دەبێت لە خزمەتەکانی میکێل مێرینۆ، ریکاردۆ کالافیۆری و مارتن ئۆدیگارد.
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە ساڵی 2022 بۆ یەکەمجار گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ نوێکردەوە و ئەمە دەبێتە دووەم نوێکردنەوەی گرێبەستی لە یانەکەی باکووری لەندەن.
ئارتێتا لە سان سێباستیان لەدایکبووە، بەرهەمی لاماسیایە و پێشتر کاپتنی ئارسیناڵ بووە.
لە مارس/ئاداری رابردوودا، راهێنەری تەمەن 42 ساڵان 100مین یاریی وەک راهێنەر لە پرێمەرلیگ کرد.
هاوکات ئەمڕۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا بڵاویکردەوە راهێنەرە ئیسپانییەکە لەگەڵ گەنەرز گەیشتووەتە رێککەوتن و بەمزووانە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رادەگەیەنێت.