چیرۆکی گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤا بۆ ریال مەدرید: چۆن مۆرینیۆ خەونەکەی هێنایەدی؟
چیرۆکە شاراوەکەی گواستنەوەی بێرناردۆ

یاریگا –
گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤا بۆ ریال مەدرید تەنیا مامەڵەیەکی ئاسایی بازاڕی گواستنەوە نەبوو، بەڵکوو چیرۆکێکە پڕ لە رەتکردنەوە، بێهیوایی و لە کۆتاییدا بەدیهاتنی خەونێکی گەورە بەهۆی دەستێوەردانی ناوێکی چاوەڕواننەکراوەوە.
رۆژنامەی ئاس ـی ئیسپانی لە راپۆرتێکدا بەتەواوی پەردە لەسەر نهێنییەکانی ئەم گرێبەستە لادەدات.
Cuando comprobó que el efecto Mou había conseguido lo que parecía imposible, pidió que las negociaciones viraran hacia el Bernabéu.
✍️ @jfelixdiaz https://t.co/5FMHz2P0Zw
— Diario AS (@diarioas) June 16, 2026
چوار مانگ لە رەتکردنەوەی بەردەوام
چیرۆکەکە لە مانگی یەنایەرەوە دەستپێدەکات؛ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ ریال مەدرید دەکرێت؛ لەولای هێڵەکەوە خۆرخێ مێندێش، بەڕێوەبەری کارەکانی سیلڤا بوو، لەم لایەشەوە خۆسێ ئانخێڵ سانچێز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ریال مەدرید. لە مانگەکانی شووبات، ئازار و نیسانیش هەمان پەیوەندی و پێداگری لەلایەن مێندێشەوە دووبارە دەبێتەوە. بەڵام وەڵامەکەی کارگێڕیی مێرێنگی هەمیشە یەک شت بوو؛ زۆر سوپاس خۆرخێ، بەڵام بێرناردۆ سیلڤا لە چوارچێوەی ئامانجەکانی ئێمەدا نییە.

کاریگەریی مۆرینیۆ و گۆڕینی هاوکێشەکە
هەموو شتێک تاوەکوو هەفتەیەک لەمەوبەر بەداخراوی مایەوە، تاوەکوو ئەو کاتەی هاوکێشەکە بەتەواوی پێچەوانە بووەوە. ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی پێداگرییەکانی مێندێشەوە نەبوو، بەڵکوو بەهۆی جۆزێ مۆرینیۆوە بوو. کاتێک کارگێڕیی ریال مەدرید گوێیان لە داواکارییە بەردەوامەکانی مۆرینیۆ گرت، لە کۆتاییدا پاشگەز بوونەوە و ئەو پێشنیازەیان قبووڵ کرد کە پێشتر چەندین جار رەتیانکردبووەوە، ئەمەش دەرگای بۆ بەدیهاتنی گەورەترین خەونی منداڵیی یاریزانە پۆرتوگالییەکە کردەوە، کە پۆشینی درێسی سپیی یانەی شاهانە بوو.

شکستی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید؛ هیچ خیانەتێک رووینەدا
لەو ماوەیەی کە ریال مەدرید دەرگای بەڕووی سیلڤادا داخستبوو، مێندێشی بەڕێوەبەری کارەکانی، کە ئەرکی جێبەجێکردنی ئارەزووی یاریزانەکانیەتی، دەستی بە گەڕان کرد بۆ دۆزینەوەی بژاردەی دیکە. ناوی یوڤێنتوس هاتە ئاراوە، بەڵام دوو یانە کە بە جدی هەوڵی گواستنەوەیان دا، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بوون.
کارگێڕیی رۆخی بلانکۆس زۆر بە جدی کاریان لەسەر گرێبەستەکە دەکرد و سیلڤایان وەکوو باشترین جێگرەوەی ئانتۆنیۆ گریزمان دەبینی کە یانەکەی جێدەهێشت، چ لە رووی سۆزداری و چ لە رووی هونەرییەوە لەنێو یاریگادا. بەرپرسانی یانەکە دانیان بەوەدانا کە ناتوانن تەواوی داواکارییەکانی یاریزانەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام هێواش هێواش دانوستانەکان بەرەو پێش دەچوون.
دواتر بارسێلۆنا، وەکوو پیشەی هەمیشەیی خۆی، دەنگۆی رێککەوتنی کۆتایی بڵاوکردەوە کە لە راستیدا هیچ بنەمایەکی نەبوو. هەردوو یانە سیلڤایان، بە بژاردەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەبینی.
بەڵام هەر کە ریال مەدرید گڵۆپی سەوزی هەڵکرد و مۆرینیۆ کارەکەی خۆی کرد، سیلڤا راستەوخۆ داوای لە مێندێش کرد ئاڕاستەی دانوستانەکان بباتە بێرنابیۆ، یاریزانەکە ئۆفەرەکانی دیکەی وەکوو فشار بەکارنەهێنا و هیچ خیانەتێکیشی نەکرد؛ تەنیا خەونێک هەبوو دەبوو بەدیبهێنرێت.



