نیکۆ پاز لەبارەی داهاتووییەوە ئاگادارییەک بە ریال مەدرید دەدات
هەردوو لایەن گەیشتوونەتە رێککەوتن

یاریگا –
یاریزانە ئەرجەنتینییەکە پێی باشترە وەرزێکی دیکە لەژێر سەرپەرشتی سێسک فابرێگاس بمێنێتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی تیمە ئیتاڵییەکە گەیشتووەتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
گۆڕانی ئاراستەی رووداوەکان بووە هۆی کۆتایییەکی جیاواز لەوەی کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چاوەڕوان دەکرا و باسی لێوە دەکرا. نیکۆ پاز بۆ وەرزێکی دیکە لە کۆمۆ دەمێنێتەوە، ئەمەش بووەتە مایەی دڵخۆشییەکی گەورە بۆ سێسک فابرێگاس. یاریزانە ئەرجەنتینییەکەی هێڵی ناوەڕاست لە ئێستاوە بەڕێوەبەرانی ریال مەدریدی ئاگادار کردووەتەوە کە بەنیازە بڕیاری پێشووی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ یانە ئیسپانییەکە هەڵوەشێنێتەوە. ئەم یاریزانەی مۆندیال داوای کردووە وەرزێکی دیکە لەگەڵ تیمە ئیتاڵییەکەدا بەسەر ببات، چونکە دەیەوێت بە بەردەوامی یاری بکات و رۆڵێکی گرنگی لەنێو تیمەکەدا هەىێت.
تەواوی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە هەفتەکانی دواییدا لە ریال مەدرید روویاندا، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە مسۆگەرکردنی کاتی پێویستی یاریکردن بۆ ئەم یاریزانە لەدایکبووی تێنێریف ئاسان نابێت. ئامانجی سەرەکیی ئەو بەردەوامبوونە لە گەشەکردنی وەکوو یاریزانێکی ئاستبەرز، بە تایبەتی ئێستا کە یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ لە کۆمۆ چاوەڕێی دەکات.

پێش ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و گەیشتنی جۆزێ مۆرینیۆ، یاریزانەکە و بەرپرسانی یانەکە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گفتوگۆیان کردبوو. لەو کاتەدا گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید وەکوو واقیعیترین ئەنجام دەردەکەوت. بەڵام ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە و هەردوو لایەن گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە گۆڕینی پلانی سەرەتایی باشترین چارەسەرە. مۆرینیۆش نەیتوانیوە گەرەنتی ئەو خولەکانە بکات کە نیکۆ پاز بەدوایاندا دەگەڕێت، ئەمەش بڕیارەکەی بە تەواوی بنبڕ و کۆتایی کردووە.
مۆڵەتی ریال مەدرید بۆ کاراکردنەوەی بەندی کڕینەوەی سەرلەنوێ لە 30ـی حوزەیراندا کۆتایی دێت، بەڵام بڕیارەکە لە ئێستاوە دراوە. یانە ئیسپانییەکە هێشتا بژاردەیەکی کۆتایی بۆ گەڕاندنەوەی یاریزانەکە تاوەکوو 30ـی حوزەیرانی 2027 لەبەردەستدایە لە بەرامبەر بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ. متمانە بەم یاریزانە ئەرجەنتینییە بە تەواوی وەکوو خۆی ماوەتەوە، بەڵام پێویستی و پەلەپەلیی وەرزشیی ئێستای ریال مەدرید، وای لە یانەکە کردووە پشت بە یاریزانە بەئەزموونەکان ببەستێت، ئەمەش بەپێی ئامۆژگارییەکانی جۆزێ مۆرینیۆ.
مانەوەی نیکۆ پاز لە کۆمۆ دۆخی درێژخایەنی ئەو ناگۆڕێت. داهاتووی ئەو هێشتا تاوەکوو رادەیەکی زۆر لە دەستی ریال مەدریدا دەمێنێتەوە، لانی کەم تاوەکوو 30ـی حوزەیرانی 2027. ئەگەر هەر یانەیەکی دیکە بیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات، هەر گواستنەوەیەک پێویستی بە رەزامەندی ریال مەدرید دەبێت. بەگوێرەی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، یانە ئیسپانییەکە رێژەی 50%ـی هەر بڕە پارەیەکی گواستنەوەی داهاتووی پێدەگات، بژاردەیەک کە ئێستا لەلایەن بەرپرسانی ڤالدێبێباسەوە بیری لێ ناکرێتەوە.



