ئه‌مریکاکۆپا ئەمێریکا 2024گرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ لیۆ مێسی کۆمەڵێک نهێنی ژیانی خۆی ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

لیونێل مێسی، پاڵەوانی جیهان و براوەی هەشت جار خەڵاتی بالۆن دۆر، لە نوێترین چاوپێکەوتنیکدا چەندین نهێنی نوێی سەبارەت بە ژیانی وەرزشی خۆی ئاشکرا کرد.

لیۆنێل مێسی کەدوێنی یادی 37 ساڵەی لەدایک بوونی خۆی کردەوە، لە پۆدکاستی کلانک بەشداری کرد و رایگەیاند کە پێی وایە بەهرەکەی لە تۆپی پێدا دییاریەکی ئیلاهییە و خودا پێی بەخشیوە و هەروەها باسی لە ئامانجیان لە کۆپا ئەمریکا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی کرد.

مێسی دووبارە لەو چاوپێکەوتنەدا دووپاتی کردەوە کە لە تۆپی پێدا هەرشتێک کە ویستوویەتی و خەونی پێوە بینیوە بەدەستی هێناوە و ئێستا کاتی پشوودان و چێژ وەرگرتنیەتی لە تۆپی پێدا.

سەبارەت بە بەهرە ناوازەکەی لە ناو یاریگا و تۆپی پێدا لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکە گووتی:

ئەوە بۆمن زۆر روون و ئاشکرایە کە بەو شێوەیە بەهرەمەندم، چوونکە خودا منی هەڵبژاردووە و ئەوە دیارییەکە لە لایەن ئەوەوە  کە پێی بەخشیم.

 کاتێک تەمەنم 3 یان 4 ساڵ بوو، ئاگاداری مۆندیال و هەموو ئەو نازناوانە نەبووم کە یارییان بۆ دەکرا. من بە سادەیی یاریم دەکرد چونکە تۆپم خۆشدەویست و ئەوە خولیای من بوو. ئەو کاتە درکم بەوە نەدەکرد کە خەڵک بەمنیان دەگووت تۆ جیاوازی و تەنانەت کە بۆ چاودێری کردنیشم دەهاتن لێی تینەدەگەیشتم و تەنیا یاریی خۆم دەکرد. بەڵام وردە وردە درکم پێی کرد و هەوڵمدا باشتر ببم.

مێسی ئەوەشی ئاشکرا کرد لە کاتی یارییەکاندا زۆر جار لە ئاستی خۆی رازی نییە سەبارەت بەم بابەتە گوتی:

هەمیشە رەخنە لە خۆم دەگرت. لەو کاتەوەی لەبیرمە بەم شێوەیە بووم. زۆر بیر دەکەمەوە. من هەمیشە بارودۆخەکان هەڵدەسەنگێنم پێش ئەوەی کەسێک شتێک بڵێت، دەزانم لەچیدا راستم کردووە و چیم هەڵە بووە. بەردەوام لەکاتی یارییەکانیشدا لەگەڵ خۆم قسە دەکەم. دەترسم تۆپەکە لەدەست بەدەم، نەتوانم پاسەکان کۆنتڕۆڵ بکەم.

یاریی کۆتایی مۆندیال 2022 / فەرەنسا- ئەرجەنتین

ئەو نموونەیەی کە سەبارەت بەم بابەتە هێنایەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئاماژەی بە یاری کۆتایی جامی جیهانی قەتەر کرد و گوتی:

بۆ نمونە لە یاری کۆتایی مۆندیالدا زۆر لەخۆم تووڕە بووم، لە دیمەنێکی نزیک کورسی یەدەگی  فەرەنسادا بێ هۆکار تۆپێکم لەدەستدا. چونکە زۆر هەوڵمدا لەگەڵ تۆپەکە یاریی بکەم لەبری ئەوەی سەرم بەرز بکەمەوە و بچمە پێشەوە کاتێک تۆپەکەم لێدا کە درەنگ ببوو، تۆپەکە رۆیشت بۆ پێشەوە و یاریزانانی بەرامبەر تۆپەکەیان کۆنترۆڵ کردەوە و لەو کاتەدا زۆر لە خۆم توڕە بووم.

سەبارەت بە رۆیشتنی لەناو یاریگادا لە کاتی یارییەکاندا لاپۆلگا گوتی:

کاتێک بە پێ دەڕۆم شیکاری بۆ دۆخی بەرامبەر دەکەم، چۆن وەستاوین کاتێک تۆپمان نییە و چون بتوانین هێرشی پێچەوانە دەستپێبکەین.

لیۆنێل مێسی و پێپ گواردیۆلا

لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا مێسی بیروڕاکانی خۆی لەسەر تاکتیکەکانیش خستەڕوو، ئاشکرایکرد ئەوە شتێک نییە کە زۆر گرنگی پێبدات تا ئەو کاتەی پێپ گواردیۆلا لە ساڵی 2008 دا پۆستی راهێنەرایەتی بارسێلۆنای گرتە ئەستۆ. لەم بارەیەوە گوتی:

زۆر گرنگیم بە تاکتیکەکان نەدەدا. لەگەڵ گواردیۆلا زۆر شت فێربووم و دەستم کرد بە تێگەیشتنێکی زۆر زیاتر لە یارییەکە، لە بۆشاییەکان، لە هەڵگرتنی تۆپ، لە بەڕێوەبردنی یارییەکان بە تۆپ. گواردیۆلا عەقڵی سەرەکی سەرکەوتووترین پێکهاتەی بارسێلۆنا بوو لە هەموو سەردەمێکدا.

لە کاتێکدا لە جیهانی وەرزشدا زۆرکەس پێیان وایە کە باشترین یاریزانی جیهان لیونیل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆن، مێسی خۆی یاریزانێکیتری پی باشترینی میژووە و لە ناو هەموو وەرزشەکان ئەو بە باشترین دەزانێت و سەبارەت بەم بابەتە گوتی:

مایکل جۆردن باشترین یاریزانی مێژووە. لە دوای بینینی دێکیومینتارییەکەی زۆر سەرسامی ئەو بووم، وای لەمن کرد زۆر زیاتر لەبارەی ئەوەوە بزانم. راستە خەلکانێکی زۆر داوای وێنەیەک لەمن دەکەن، بەڵام ئایا ناکرێت منیش داوای وێنەیەک لە مایکل بکەم؟ بێگوومان زۆر ناوازە دەبێت.

لیۆ کە بەهۆی کۆپا ئەمریکاوە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە ئەمریکان بڕیارە لە یارییەکەی بەرەبەیانی سبەی کاتژمێر 4:00 رووبەڕووی هەڵبژاردەی چیلی ببنەوە و لە کۆتایی قسەکانیدا ئاشکرای کرد کە هاوڕێکانی لە رۆژی لە دایک بوونی بەڵێنیان پێداوە هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکوو نازناوەکە بۆ مێسی بەدەست بهێنن.

بابەتی زیاتر

Back to top button