ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنشیپ چۆن دەکرێت؟ خەڵاتی دارایی پاڵەوان چەندە؟

چەند یانە بەشدارن و کام یانە نزیکترینە؟

یاریگا –

خولی چامپیۆنشیپ (پلە دووی ئینگلتەرا) نزیکە لە کۆتایی و سێ یانە بۆ پرێمەرلیگ سەردەکەون.

چامپیۆنشیپ یەکێکە لە بەهێزترین خولەکانی جیهان، لە هەر وەرزێکدا 24 یانە هەوڵی گەیشتن بە پرێمەرلیگ دەدەن، کە بەهێزترین خولی جیهانە.

بەگوێرەی یاسای ئێستای خولەکە، دوو یانە راستەوخۆ دەگەنە پرێمەرلیگ، خاوەن پلەکانی سێیەم تاوەکو شەشەم، یاری پلەی ئۆف دەکەن و یەکێکیان بۆ پرێمەرلیگ سەردەکەوێت.

لەم بابەتەدا، تۆڕی وەرزشی یاریگا تەواوی وردەکارییەکانی یارییەکانی پلەی ئۆف و چۆنیەتی گەیشتنیان دەخاتەڕوو.

قۆناخی پلەی ئۆف چییە؟

لە تۆپی پێی ئینگلیزیدا، قۆناخی پلەی ئۆف هاوشێوەی قۆناخێکی یەکلاییکەرەوەیە و لە کۆتایی وەرزی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، لەم قۆناخەدا چوار یانە بەشداری دەکەن و یانەیەک سەردەکەوێت بۆ پرێمەرلیگ.

دوو یانەی پێشەوەی ریزبەندی چامپیۆنشیپ، دوای 46 یاری سەردەکەون بۆ پرێمەرلیگ، یانەی خاوەن پلەکانی سێیەم، چوارەم، پێنجەم و شەشەم دەرفەتی یەکسانیان بۆ گەیشتن بە پرێمەرلیگ بۆ دەڕەخسێت.

چوار یانەکە دوو یاری چوون و گەڕانەوە دەکەن و دوو یانە دەگەنە یاری کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆف، براوە سەردەکەوێت بۆ پرێمەرلیگ.

خاوەن پلەی سێیەم بەرامبەر خاوەن پلەی شەشەم یاری دەکات و خاوەن پلەی چوارەم رووبەڕووی خاوەن پلەی پێنجەم دەبێتەوە.

کام یانە گەیشتوونەتە قۆناخی پلەی ئۆفی 2024؟

تاوەکو ئێستا یەکلایینەکراوەتەوە، بەڵام یانەکانی لێستەر سیتی، ئیپسویچ تاون، لیدز یونایتد و ساوسامتن رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوە دەکەن.

پێشبینی دەکرێت دوو لە یانەکانی وێست بڕۆمیچ، نۆرویچ سیتی، کۆڤێنتری و میدلزبڕۆ بگەنە قۆناخی پلەی ئۆف.

ریزبەندی چامپیۆنشیپ – دوا ئەپدەیت 23ی ئەپریل/نیسان

کەی قۆناخی پلەی ئۆف دەستپێدەکات؟

قۆناخی پلەی ئۆف لە ناوەڕاستی مانگی مایس/ئایار دەکرێن، وەرزی ئاسایی چامپیۆنشیپ لە 4ی مایس/ئایار کۆتاییدێت، دوای هەفتەیەک یان 10 رۆژ قۆناخەکە دەستپێدەکات.

یاری کۆتایی قۆناخی پلەی ئۆف لە 26ی مایس/ئایاری داهاتوو لە یاریگای وێمبڵی لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.

هەرچەندە کاتی دەستپێکردنی یارییەکە یەکلایینەکراوەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت کاتژمێر 18:45 بەڕێوەبچێت.

یاریگای وێمبڵی سیمبوولی تۆپی پێی ئینگلتەرایە و شوێنی 90 هەزار هاندەر دەبێتەوە. زۆربەی یارییە یەکلاییکەرەوەکان لە وێمبڵی دەکرێن.

کێ پاڵەوانی وەرزی رابردوو پلەی ئۆف بوو؟

لوتن تاون پاڵەوانی وەرزی رابردووی قۆناخی پلەی ئۆفیچامپیۆنشیپ بوو، کاتێک لە قۆناخی پێشکۆتایی هەردوو یاری بە ئەنجامی 3-2 لە سەندرلاندی بردەوە و یاری کۆتاییشی لە کۆڤێنتری سیتی بە لێدانی یەکلاییکەرەوە بردەوە، دوای یەکسانبوونیان بە ئەنجامی 1-1.

ئەمە یەکەمجاربوو لوتن تاون دوای 32 ساڵ بگاتە پرێمەرلیگ.

براوەکان چەند وەردەگرن؟

یاری کۆتایی پلەی ئۆفی چامپیۆنشیپ بە یەکێک لە پڕداهاتترین یارییەکانی جیهان دادەندرێت.

براوەی قۆناخی پلەی ئۆف، بڕی 100 ملیۆن پاوەند وەک داهاتی گواستنەوەی تەلەڤزیۆنی و گەیشتن بە پرێمەرلیگ وەردەگرێت. بەڵام جیا لەمەش، داهاتی فرۆشتنی بلیت و رێکلامەکانیش وەردەگرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button