ئینگلتەرا

گاکپۆ بە هۆکارێکی زۆر سەیر رووبەڕووی دادگا دەبێتەوە

یاریگا –

کۆدی گاکپۆ، هێرشبەری هۆڵەندی، ئێستا کە دوورە لە دۆخە درەوشاوەکەی لە ئایندهۆڤن، رووبەڕووی بێ شانسییەکی نوێ بووەتەوە.

رۆژنامەی دەیلی ستارـی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە هێرشبەرە لاوەکە، کە هەفتانە مووچەی 130 هەزار پاوند لە لیڤەرپوول وەردەگرێت، لە هاوینی 2023ەوە وەک وەبەرهێنەرێک لە هۆڵەندا وەبەرهێنانی خانووبەرە دەکات و چالاکیی بازرگانی لە 5 شاری جیاوازی ئەم وڵاتەدا هەیە.

بەڵام ئەو کەسانەی کە کرێچی گاکپۆن زۆر تووڕەن، زۆرێک لە خانووەکان بە هۆی کۆ بوونەوەی ئاوە ( ئاودەڵاندن)
بنمیچەکانیان تێکچووە و مشک لە گۆشەی ماڵەکانیاندا دەدۆزنەوە.

هەندێک لە یەکە نیشتەجێبوەکانی تر ئەوەندە بچووکن کە لە 2 کەس زیاتر جێگایان نابێتەوە. ئەم باڵەخانانە لە رووی ستانداردەوە کێشەیان هەیە و بەپێی راپۆرتی خەڵک، ئەم خانووانە هەرگیز بۆ ژیانی مرۆڤ ناگونجێن. بێگومان ئەم کۆمپانیایە کە لەگەڵ گاکپۆ کاردەکات رایگەیاندووە کە لە کۆی 11 حاڵەتی راپۆرتکراو تەنها 6 حاڵەتیان لەلایەن مشکەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

سکاڵای کرێچییەکان تازە تۆمارکراوە و بڕیارە بەم نزیکانە پارێزەری گاکپۆ لە هۆڵەندا لە دادگا ئامادە ببێت و پارێزگاری لە هێرشبەرەکە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا لیڤەرپوول سەبارەت بەم بابەتە روونکردنەوەی لە هێرشبەرەکەی قەدەغە کردووە بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی سادەتر چارەسەر بکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button