عێراقکوردستان

چوار یاریزانی یانەی هەولێر بۆ یاریەکەی شوڕته دادەبڕێن

یەکشەممە 21\4\2024 لە گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یانەی هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریری ڕووبەڕووی یانەی شوڕتە دەبێتەوە.

چەند ڕۆژێکە کێشەی نەبوونی ڕاهێنەر و مووچەی یاریزانان بەرۆکی کارگێڕانی یانەکەی گرتووە و چەند جارێکیش بایکۆتی مەشقەکان کرا لە لایەن یاریزانەکانەوە تاوەکو شایستە داراییەکانیان وەربگرن، دواتر بە بەڵێنی پێدانی مووچەکانیان دوای یاری شوڕتە یاریزانەکان ڕازیکرانەوە و دوێنێ کۆتا مەشقی خۆیان ئەنجامدا، وێڕای ئەم کێشانە بۆ یاریەکەی ئەمڕۆ یانەی هەولێر بێبەش دەبێت لەتواناکانی هەر یەک لە یاریزانان ئاکام هاشم بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور و یاسین سامیەی هێڕشبەری سووری بە هۆی پێکان و هەڵۆ فایەق و ئەحمەد حەسەن مەکەنزی بە هۆی پەیوەندی کردنیان بە ڕیزی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێڕاقەوە ناتوانن لە یاریەکە بەشداربن.

کارگێڕی یانەی هەولێر دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان هەر یەک لە یاریزانان ئەمیر ئیسماعیل و کارزان سابیر و عەلی کاروانی سەرخست بۆ ڕیزی تیپی خولی عێڕاقی و یاریزان گەیلان لوقمانیش کە پێشووتر گرێبەستی لەگەڵ واژۆ کرابوو بە فەرمی پەیوەندی بەمەشقەکانی یانەکەوە کرد،   یانەی هەولێر یاری داهاتووی لە گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق  بەرامبەر یانەی تەڵەبە ئەنجام نادات و دوادەخرێت بە هۆی پەیوەندیکردنی 5 یاریزانی یانەی تەڵەبە بە ڕیزی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێڕاقەوە.

یانەی شوڕتە کە ئێستا لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە بە 51 خاڵ بە تەواوی ئەستێرەکانی ئەمشەو کاتژمێر 8:30 ڕووبەڕووی یانەی هەولێر دەبێتەوە کە بە23 خاڵ لە پلەی چواردەمی خولەکە دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button