ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

هاوینی داهاتوو شەش یاریزان ریال مەدرید بەجێدەهێڵن

یاریگا –

هاوینی داهاتوو شەش یاریزان لە لێواری رۆیشتنیانن لە ریال مەدرید، چوار یاریزان گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت و دوو یاریزانیش ماوەی خواستنیان تەواو دەبێت.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، شەش یاریزان نزیکن هاوینی داهاتوو ریزەکانی ریال مەدرید بەجێبهێڵن، هەریەکە لە لۆکا مۆدریچ، تۆنی کرووس، ناچۆ فێرناندێز و لۆکاس ڤاسکێز کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت، خۆسێلۆ و کیپاش ماوەی خواستنەکەیان کۆتایی دێت.

لۆکا مۆدریچ

گەرچی تەمەنی 38 ساڵە، بەڵام لۆکا مۆدریچ سوورە لەسەر ئەوەی لە یاریکردن بەردەوام بێت و ریال مەدریدیش ئامادە نییە گرێبەستەکەی نویىکاتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت هاوینی داهاتوو ناوەڕاستکارە کڕواتییەکە رووبکاتە یانەیەکی سعوودی یان ئەمریکی.

تۆنی کرووس

کرووس (34 ساڵان) کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت و ریال مەدرید دەیەوێت بۆ وەرزێکی دیکە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام ناوەڕاستکارە ئەڵمانییەکە لەبارەی داهاتووی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی نەداوە، گومان دەکرێت هاوینی داهاتوو بەیەکجاریی واز لە یاریکردن بهێنێت.

ناچۆ فێرناندێز

هاوینی رابردوو ناچۆ فێرناندێز (33 ساڵان) نزیکبوو ریزەکانی ریال مەدرید بەجێبهێڵێت، بەڵام دواتر گرێبەستەکەی نوێکردەوە، هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی ناچۆ کۆتایی دێت و نزیکە یانەکە بەجێبهێڵێت.

لۆکاس ڤاسکێز

دوو ساڵ لەمەوبەر ڤاسکێز (33 ساڵان) نزیکبوو ریزەکانی ریال مەدرید بەجێبهێڵێت، بەڵام دواتر ڤاسکێز گرێبەستەکەی نوێکردەوە و هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی کۆتایی دێت، بەڵام ئەو یاریزانە ئیسپانییە حەز دەکات هەر لە ریال مەدرید بەردەوام بێت.

خۆسێلۆ

رۆژی 27ـی ئەم مانگە خۆسێلۆ تەمەنی دەبێتە 34 ساڵ و رۆژی 30ـی یۆنیۆ ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت و دەگەڕێتەوە ئیسپانیۆل، یانە مەدریدییەکە دەتوانێت بە 1.5 ملیۆن یۆرۆ خۆسێلۆ لە یانەکەی بهێڵێتەوە.

کیپا ئاریزابالاگا

بەهۆی پێکانی کۆرتوا لە گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان کیپا (29 ساڵان) بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید کرد، کۆتایی ئەم وەرزە دەگەڕێتەوە چێڵسی چونکە ریال مەدرید ئەگەر بیەوێت لە یانەکەی بهێڵێتەوە پێویستە 20 ملیۆن یۆرۆ بە بلووز بدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button