ئینگلتەراگرنگترین

پۆستی تێن هاخ لە مەترسیدایە؟ پاڵێوراوانی شوێنگرتنەوەی کێن؟

راهێنەری هەڵبژاردەیەک یەکێکە لە پاڵێوراوان

یاریگا –

هەریەکە لە رۆبێرتۆ دی زێربی، تۆماس فڕانک و گارێس ساوسگەیت پاڵێوراون بۆ شوێنگرتنەوەی ئێریک تێن هاخ لە مانچێستەر یونایتد.

تۆڕی هەواڵی ESPN بڵاویکردووەتەوە، سێر جیم راتکڵیف، سەرۆکی گروپی کۆمپانیاکانی ئینیەس تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی تێن هاخ نەداوە، بەڵام پێشبینی گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکە دەکرێت.

چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایان کردووە، دی زێربی، راهێنەری برایتن و تۆماس فڕانک، راهێنەری برێنتفۆرد و ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پاڵێوراون بۆ شوێنگرتنەوەی تێن هاخ.

مان یونایتد چاوەڕێی عومەر بێرادا دەکات، تاوەکو پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکار وەربگرێت و کار لەسەر تەواوکردنی گواستنەوەی دان ئاشوۆرس، بەڕێوەبەری وەرزشی نیوکاسڵ یونایتد بکات. ئێستا دەیڤ برەیلسفۆرد، بەڕێوەبەری وەرزشی ئینیەس، ئەرکی رێکخستنەوەی هەیکەلیەتی یانەکەی گرتووەتە دەست و خەریکی نووسینەوەی راپۆرتی کۆتاییە.

تۆڕی ESPN لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نێو یانەکە دووپاتیکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد نایەوێت هاوینێکی ناڕێکخراو بەڕێبکات و لە ئێستاوە ئامادەکاری کردووە، چونکە یانەکانی لیڤەرپوول، بایرن میونشن و بارسێلۆنا بێ راهێنەر دەمێننەوە و لە ئێستاوە کار بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەرێک دەکەن.

تێن هاخ لە هاوینی ساڵی 2022 لە ئەیاکسەوە پەیوەندی بە مان یونایتد کرد و گرێبەستێکی سێ ساڵەی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان واژۆ کرد. لەگەڵ دەستبەکاربوونی راتکڵیف، فشارەکانی سەر تێن هاخ زیاد بوون و بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت، بەشداری لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوودا بکات.

مانچێستەر یونایتد بە دۆخێکی ناجێگیردا تێدەپەڕێت، دوو یاری رابردووی بەرامبەر فولهام و مانچێستەر سیتی دۆڕاندووە و بە جیاوازی 11 خاڵ لە دوای ئاستۆن ڤیلای خاوەن پلەی چوارەمدا دێت.

سەرەڕای ئەنجامە خراپەکان، کەچی یانەکانی بایرن میونشن، بایەر لیڤەرکوزن و شتوتگارت لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تێن هاخ دەکەن، چونکە ئەوانیش بێ راهێنەر دەمێننەوە.

بە گوێرەی ESPN بێت، ساوسگەیت یەکێکە لە پاڵێوراوان و رەنگە لە دوای یۆرۆی 2024 بڕیار لە چارەنووسی بدرێت. هەرچەندە ساوسگەیت تەنیا بۆ ماوەیەک راهێنەری میدلزبڕۆ بووە، بەڵام هیچ ئەزموونێکی دیکەی لەگەڵ یانەکان نییە.

ساوسگەیت پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ ئاشۆورس، پاڵێوراو بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی مانچێستەر یونایتد هەیە، چونکە ماوەی شەش ساڵ لە نزیکەوە لە یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا کارییان کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button