کوردستانگرنگترین

کۆمەڵێک سزای توند لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانەوە لەبارەی یارییەکەی کۆیە و خاک

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی لەبارەی یارییەکەی کۆیە و خاک چەند سزایەکی توندی راگەیاند و بڕیاریدا یانەی کۆیە تەواوی یارییەکانی وەرزی داهاتووی لە خولی پلە یەکی کوردستان لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ هاندەرانی بکات و حەفت خاڵیشی لێ کەم برێتەوە.

لە یاریی کۆیە و خاک لە خولی پلە یەکی کوردستان رۆژی هەینی رابردوو گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوولا دروستبوو، هێرشکرایە سەر یاریزانان و راهێنەری خاک و چوار یاریزان و پزیشکی یانەکەی کەرکووک بریندار بوون.

سزایەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لەبارەی یارییەکەی خاک و کۆیە:

1- سڕکردنی کرێکار زرار ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە سەرجەم چالاکی و کۆبوونەوەکانی فیدراسیۆنەکە تاوەکو ئەو سکاڵایەی لە پۆلیس لەسەری تۆمار کراوە یەکلا دەبێتەوە.

2- سڕکردنی زرار کرێکار راهێنەری کۆیە بۆ ماوەی سێ وەرز و پێبژاردنی دوو ملیۆن دینار.

3- سڕکردنی رێکار زرار یاریدەدەری راهێنەری کۆیە بۆ ماوەی یەک وەرز و پێبژاردنی ملیۆنێک دینار.

4- سڕکردن و دوورخستنەوەی سەرکار زرار لە سەرجەم چالاکییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بۆ تاهەتایە.

5- کەمکردنەوەی حەفت خاڵ لە ژمارەی خاڵەکانی وەرزی داهاتووی یانەی کۆیە و سەرجەم یارییەکانی وەرزی داهاتووی کۆیە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەبێت.

6- دوورخستنەوەی شاهۆ حوسامەدین بەڕێوەبەری کاروباری یاریزانان  لە سەرجەم بۆنە و کار و چالاکییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ و بە هیچ شێوەیەکیش مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.

7- بەهۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان بڕیاردرا بە راگرتنی ساڵح جومعە یاریزانی یانەی کۆیە و پێشەنگ شۆڕش چارەسەرکاری تیپی تۆپی پێی یانەکە و رێکار حەسەن کارگوزاری یانەی کۆیە بۆ دوو یاری و پێبژاردنیان بە بڕی دووسەد و پەنجا هەزار دینار.

بابەتی زیاتر

Back to top button