ئینگلتەرافه‌ره‌نساگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ بۆچی هێنری لە سۆشیال میدیا دوورکەوتووەتەوە؟ چەند ساڵە دابڕاوە؟

هێنری بە دوورکەوتنەوە لە سۆشیال میدیا دەیەوێت بەرهەڵستی رەگەزپەرستان بداتەوە

یاریگا –

تێری هێنری، هێرشبەری پێشووی بارسێلۆنا و ئارسیناڵ واز لە سۆشیال میدیا دەهێنێت.

وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ئەو کۆمێنتە رەگەزپەرستانەی لە پلاتفۆرمەکان ئاراستەی یاریزانانی رەشپێستی پرێمەرلیگ دەکرێن.

هێنری تەمەن 46 ساڵان، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسای ژێر 21 ساڵانە و شیکەرەوەی کەناڵی CBS Sports-ە ئاشکرای دەکات، سێ چوار ساڵە لە سۆشیال میدیا نەماوە.

هێنری بەشداری لە بەنامەی زە بریج-ی کە بەرنامەیەکی گفتوگۆ ئامێزی تۆڕی میدیایی ENS کرد و بەمشێوەیە باسی هەڵوێستەکانی کرد

رەنگە سۆشیال میدیا ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی قسەی ناشرینت ئاراستە بکرێت، یان هەر ناوێکی دیکە لە بابەتەکە دەنێیت. سێ چوار ساڵە واز لە سۆشیال میدیا هێناوە، تەنیا بۆ مەبەستی کار بەکاریدەهێنم. بەڕێوەبەری کارەکانم پلاتفۆرمەکانی منی بەڕێوەدەبرد. نامەوێت پشتی پێببەستم، نامەوێت دەست بە مۆبایلەکەمەوە بگرم و سەیری بکەم. چونکە کاریگەریان زۆرە و رەنگە مێشکت بشوورێتەوە.

هێنری باسی لە هۆکارەکانی دیکەی بایکۆت کردنی سۆشیال میدیای کرد

هۆکارێکی دیکەی دوورکەوتنەوەم بۆ هێرشی رەگەزپەرستانەی بەردەوامی سەر یاریزانانی رەشپێستی پرێمەرلیگە. پێم وایە بەم هەڵوێستەم دەتوانم کاریگەری دروست بکەم، تاوەکو لە شەڕی دژ بە رەگەزپەرستان سەربکەوین.

پێشکەشکاری بەرنامەکە بە هێنری گوت، بیری پلاتفۆرمەکان ناکەیت؟

نەخێر، ئاوا زۆر دڵخۆشم و هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، هەست ناکەم بیری هیچ شتێک بکەم. تاوەکو ئێستا دوورم و هیچ کێشەیەکم نییە. رەنگە هەندێک جار پارەیەکی زۆر لەدەستبدەم، بەڵام کێشەم نییە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هێرشی رەگەزپەرستانەی جیاواز کراوەتە سەر یاریزانانی رەشپێست و ئەمەش کاردانەوەی توندی ئەفسانە و یاریزانانی لێکەوتووتەوە.

لە ماوەی رابردوودا، هێنری بۆ یەکەمجار باسی نهێنییەکانی ژیانی وەرزشی خۆی لە پۆدکاستی The Diary Of A CEO ئاشکرا کرد

بەدرێژایی کاروانی وەرزشیم و لەوەتەی لەدایکبووم، رەنگە نەخۆشی خەمۆکیم هەبووبێت. ئایا من دەمزانی؟ نەخێر، نەمدەزانی، بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان خۆم گونجاند.

هێنری دووپاتیکردەوە، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، بە دۆخێکی ناخۆشدا تێپەڕیوە، ئەوکاتە راهێنەری مۆنتریالی ئەمریکی بوو

لە مۆنتریال تەواوی دابڕابووم، توانای بینینی منداڵەکانم نەبوو، بەڕاستی ساڵێکی قورسم بەڕێکرد. هەر لە خۆیەوە فرمێسک لە چاوم دەهاتە خوارەوە، نازانم بۆچی، بەڵام رەنگە ئەو فرمێسکانە بۆ ماوەیەکی درێژ قەتیس کرابووبن.

هێنری، بە یەکێک لە باشترین هێرشبەرانی سەردەمی نوێی تۆپی پێی ئەوروپا دادەندرێت، دوای کاروانێکی 20 ساڵە، لە ساڵی 2014 وازی لە یاری هێنا و لە کاروانی وەرزشیدا یاری بۆ یانەکانی مۆناکۆ، یوڤێنتوس، ئارسیناڵ، بارسێلۆنا و نیویۆرک رێدبوڵز کرد.

ئاسکە ئەسمەرەکە 228 گۆڵی بۆ ئارسیناڵ کرد، دوو نازناوی پرێمەرلیگیشی بردەوە، بەر لەوەی پەیوەندی بە بارسێلۆنا بکات و دوو نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگێک بەدەستبهێنێت.

براوەی مۆندیالی 1998 لەگەڵ هەڵبژاردەی لێس بلوز، راهێنەری لاوانی ئارسیناڵ، یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا، راهێنەری مۆناکۆ و راهێنەری مۆنتریال ئیمپاکت بووە. ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسای ژێر 21 ساڵانە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button