ئینگلتەرا

لیڤەرپوول خەونی هاندەرێکی بەدی دەهێنێت

یاریگا –

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، رۆژێکی مێژوویی و باوەڕپێنەکراوی بۆ دێیرا گۆرمان، کە هاندەرێکی لاوی خاوەن پێداویستی تایبەتە درووست کرد.

سەردانیکردنی گۆرمان بۆ یاریگای ئەنفێڵد، زۆرێک لە هاندەرانی تۆپی پێ بەتایبەت هاندەرانی لیڤەرپوولی سەرسام کرد.

ئەم هاندەرە تەمەن 12 ساڵە کە خەڵکی کۆماری ئێرلەندایە، بۆ یەکەمجار لە یارییەکەی لیڤەرپوول بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا کە لە مانگی ئەیلول لە یاریگای ئەنفێڵد بەڕێوە چوو سەردانی یاریگاکەی کرد. لە کاتێک گوێی لە سروودە بەناوبانگەکەی ‘تۆ هەرگیز بە تەنیا ناڕۆیت’ لە یاریگاکەدا بوو ، نەیتوانی فرمێسکەکانی بوەستێنێت.

ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو بوویەوە، ئەمەش وایکرد کە دواجار ئەم ڤیدیۆیە بگاتە دەست بەڕێوەبەران و ئەندامانی ستافی تەکنیکی و یاریزانانی لیڤەرپوول.

گۆرمان سەبارەت بەم رووداوە گوتی:

شەوی پێش ئەم یارییە نەمتوانی بخەوم. هەر کە گوێم لەم سروودە بوو، هەستێکی سەیر دایگرتم. هەوڵمدا چەند وشەیەکی لەگەڵ بڵێمەوە بەڵام هیچ وشەیەک لە دەمم دەرنەچوو. زۆر حەزم لەو گۆرانیەیە. هەمیشە بە درێژایی ژیانم گوێم لێ بووە و دڵنیام بە تەنیا ناڕۆم”.

ئەو بە نەخۆشییەکی تایبەت و دەگمەن لەدایک بووە کە ناوی (Crumlin syndrome)ە، کە تەنها چەند کەسێک لە جیهاندا هەیانە. قۆڵەکانی لە ئەژنۆوە بۆ خوارەوە گەشەیان نەکردووە و لە هەردوو قاچیدا ئیسکی نییە، ئەمەش مانای وایە بەردەوام لەسەر کورسی دادەنیشێت، بەڵام دایکی پێی وایە سەرەڕای هەموو ئەمانە، لیڤەرپوول باشترین هاوڕێیەتی.

هەستە تایبەتەکەی گۆرمان وای لە یۆرگن کلۆپ کرد هەفتەی رابردوو بە شێوەیەکی تایبەت هاندەرەکە و خێزانەکەی بانگهێشتی یانەکەیان بکات. رۆژی 3ی کانوونی دووەم، کە رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە، گەشتێکی بۆ ئەنفێڵد کرد، بۆ ئەوەی سەیری یارییە سەرنجڕاکێشەکەی یانەکەی بکات کە بە ئەنجامی 4-3 لە فولهام بردەوە.

دواتر خێزانەکەی بەشداری مەشقەکانی لیڤەرپوڵیان کرد بۆ ئەوەی کاتێکی لەبیر نەکراو لەگەڵ کلۆپ و ئەندامانی تری تیپەکە بەسەر بەرن، لەنێویاندا لویس دیاز کە بە گرنگترین یاریزانی لیڤەرپوول دادەنرێت. تەنانەت کلۆپ بە تایبەتی لەگەڵی چووە مۆزەخانەی تیپە خۆشەویستەکەی لە ئەنفێڵد.

کڵۆپ لە دوای بینینی دێیرا، پێی گوت:

ناتوانیت بیهێنیتە بەرچاوت کە چەندە چێژم لە ناسینی تۆ وەرگرتووە. ئەم یانەیە یانەی خەڵک و هاندەرانە و تۆ یەکێکی لە تایبەتترینەکان. ئەم بەیانیە جارێکی تر سەیری ڤیدیۆکەتم کردەوە و لە دڵی خۆمدا گوتم ئای خوایە گیان! چ هەستێکە… بیهێنە بەرچاوت!

دێیرا گۆرمان دوای ئەوەی سەیری مەشقەکانی تیپە خۆشەویستەکەی کرد و هەروەها بە تایبەتی لەگەڵ کلۆپ و دیاز کۆبووەوە، بە ماڵپەڕی فەرمی یانە لیڤەرپوولی گوت:

رۆژێکی لەبیرنەکراو بوو بۆ من. کۆبوونەوە لەگەڵ کلۆپ و دیاز کە پاڵەوانی منە. نازانم چۆن هەستەکانم بە وشە وەسف بکەم. محەمەد سەڵاحیش هات سڵاوی لێکردم. “زۆر سوپاسگوزارم بۆ هەموو ئەم شتانە و باوەڕم نەدەکرد جارێکیتر گەڕامەوە لیڤەرپوول و ئەم هەستە تایبەتەم ئەزموون کرد”.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button