خوله‌کانی دیکە

یاریزانێکی پێشووتری مانشافت: بە من بوایە، نەمدەهێشت جارێکیتر ئۆزیل بچێتەوە نێو ئەڵمانیا !

دەشڵێت بەهۆی ئۆزیلەوە نەبوو کە مۆندیالمان بردەوە

یاریگا –

هێشتا وازهێنانی مەسعود ئۆزیل لە یاری نێودەوڵەتی جێی مشتومڕی ئەڵمانییەکانە و ئێستایش ناو بە ناو قسە و باس لەو بارەیەوە لێرە و لەوێ سەرهەڵدەداتەوە.

بۆ ماوەی نۆ ساڵ ئۆزیل ڕەگەزێکی گرنگی ئەڵمانییەکان بوو بەتایبەت لە مۆندیالی 2014ی بەڕازیل کە تێیدا بوون بە پاڵەوان. بەڵام جامی جیهانی دواتر، بۆ ئەڵمانیا و ئۆزیلیش سیناریۆی چاوەڕواننەکراو پێش هات. بەوەی کە ئەڵمانییەکان هەر لە قۆناغی کۆمەڵەکان کرانە دەرەوە و، یاریسازە بەڕەگەز تورکیەکەیش بە ڕەخنە و هێرشێکی زۆرەوە بۆ سەر ئەڵمانیی و یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانییەکان و بە “ڕەگەزپەرست” ناوزەدکردنیان، لە تەمەنی 29 ساڵییدا وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دیسان بابەتەکە گەرم کراوەتەوە لەلایەن ماریۆ باسلەری یاریزانی پێشووتری ئەڵمانیا لە میانی لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی Bildی وڵاتەکەی، زۆر بە توندی هەڵوێستی خۆی خستووەتە ڕوو و دەڵێت

ئەو شێوازی چوونەدەرەوەی لە هەڵبژاردە کە بۆ خۆی ڕێکیخستبوو، ئێجگار خراپ بوو. ئەگەر من قسەیەکم هەبوایە بۆ وتن، نەمدەهێشت چیتر بچێتە ئەڵمانیا. شتانێک دەڵێت گوایە لەلایەنی ڕەگەزپەرستیەوە سوکایەتی پێ کراوە. ئەوە شتێکە جێی باوەڕپێکردن نییە.

باسلەری تەمەن 54 ساڵ کە زیاتر لە 30 یاری بۆ مانشافت کردووە لە 1994-1998، زۆر بە ڕاشکاوانە قسە لەسەر ئۆزیل دەکات و دەڵێت:

هەرگیز بەداخ نەبوومە بۆ ئۆزیل. بەڵێ 2014 بووین بە پاڵەوانی جیهان، بەڵام خۆ ئەوە بەهۆی ئۆزیلەوە نەبوو. ئەویش لە پێکهاتەدا بوونی هەبوو، وەک یاریزانیش خاوەنی بەهرەیەکی نایاب بوو.

لەپاڵ قسەکانی ئەو یاریزانەی پێشووتری مانشافت، ڕاستییەک خراوەتە روو لە پێگەی وەرزشی SPORTbible بەوەی لە ماوەی نۆ ساڵی یاریکردنی ئۆزیل بۆ ئەڵمانیا، توانیویەتی پێنج ساڵ وەک باشترین یاریزانی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرێت زیاتر لە هەر یاریزانێکی دیکە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button