ئه‌مریکا

دی خیا بە هۆکاریکی سەیر ئۆفەری نەسر رەتدەکاتەوە و چاوی لە ئینتەر مەیامییە

یاریگا –

دژایەتیکردنی هاوسەرەکەی دەیڤید دی خیا، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد بۆ ژیان کردن لە سعودیە،بووە هۆی ئەوەی گۆڵپارێزەکە پێشنیارەی یانەی نەسر رەتبکاتەوە.

گرێبەستەکەی دی خیا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە کۆتایی وەرزی رابردوو کۆتایی هات و تا ئێستا گرێبەستی نوێی لەگەڵ هیچ یانەیەکی تر واژۆ نەکردووە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەسەر ئامادەبوونی لە چەند یانەیەکی ئەوروپی و ئەمریکی و ئاسیا بیستراوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی لە جیهانی تۆپی پێدا نەداوە و لە ئێستادا بە تاک راهێنان دەکات.

بەڵام ئێستا رۆژنامەی سەن هەواڵێکی سەرنجڕاکێشی لەسەر ئەو ئۆفەرە سەرنجڕاکێش و زەبەلاحەکەی نەسر بۆ دی خیا بڵاوکردۆتەوە کە ئەم گۆڵپارێزە لەم ماوەیەدا وەڵامێکی نەرێنی بۆ داوەتەوە، ئەمەش سەرنجی زۆرێک لە هاندەرانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.

یانەی نەسر ئۆفەرێکی زەبەلاحی پێشکەش بە دی خیا کردبوو. ئەوان ئامادەبوون گرێبەستێک بە بڕی مووچەی هەفتانەی 620 هەزار یۆرۆیە لەگەڵ گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە واژوو بکات، کە تەنانەت زیاتر بوو لەوەی لە یانەی مانچێستەر یونایتد وەریدەگرت.

بەڵام دژایەتی هاوسەرەکەی دی خیا بۆ ژیان لە سعودیە و ناڕازیبوونی لەم مەرجانە وایکرد ئەم یاریزانە جارێکی تر دەرفەتی یاریکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەدەست بدات و ئەم ئۆفەرە رەت بکاتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە یونایتد بۆ واژووکردنی گرێبەستێکی کورتخایەن لەگەڵیدا کۆبووەتەوە بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندرێ ئۆنانا لە میانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە زستانی داهاتوودا، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ئەم هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە. لە هەمان کاتیش دا میدیا ئیسپانییەکان باس لەوە دەکەن لە ئینتەر مەیامی چاوی لە تواناکانی گۆڵپارێزەکەیە و خێزانی دی خیا رەزامەندی دەربڕیوە سەبارەت بە پەیوەندی کردنی هاوسەرەکەی بە یانەی لیۆنێل مێسی.

بابەتی زیاتر

Back to top button