
یاریگا –
سەرەڕای ئەوەی دەیڤد بێکهام 13 ساڵە وازی لە یاریکردن هێناوە، بەڵام ئێستا نەک تەنیا وەکوو ئەستێرەیەکی پێشوو، بەڵکوو وەک ئامێرێکی پارە پەیداکردن لە ئەمریکا دەردەکەوێت.
باڵادەست لە بازاڕی ئەمریکا
بەپێچەوانەی زۆرێک لە ئەستێرە مەزنەکانی وەکوو زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ یان تیێری هێنری کە وەکوو شرۆڤەکار لە مۆندیالدا بەشدارن، بێکهام رێگایەکی جیاوازی گرتووەتە بەر؛ بەردەوام لە ریکلامە تەلەفزیۆنییەکاندا دەردەکەوێت، لە ریکلامی Home Depot و McDonald’sـەوە تاوەکوو Pepsi و Adidas.
پسپۆڕانی بازاڕگەری دەڵێن بێکهام بووەتە کەسێکی متمانەپێکراو و بێ مەترسی بۆ براندەکان، کە دەتوانێت بە ئاسانی سەرنجی هاندەریکی فراوان لە هەموو تەمەنەکان رابکێشێت.
پەیوەندی لەگەڵ فیفا؛ جیابوونەوەیەک لە پێناو قازانجی زیاتر
جێگەی سەرنجە کە بێکهام هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ فیفادا نییە، سەرچاوەیەکی باڵا لە فیفا بۆ رۆژنامەی تێلێگراف پشتڕاستی کردووەتەوە، کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نییە.،ئەمەش وای کردووە بێکهام لە سەرووی ئەو یاریزانانەوە بێت کە تەنیا بۆ وەرگرتنی مووچە و ئەرکی دیاریکراو لە کۆنگرەکانی جیانی ئینفانتینۆد دەردەکەون.
بێکهام بەشێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکات و لە رێگەی براندە تایبەتییەکانی خۆیەوە داهاتی خەیاڵی بەدەستدەهێنێت.
After Fifa, and the big two of Ronaldo and Messi, David Beckham is arguably the biggest football brand at this World Cup. @SamWallaceTel charts how this once very good, but not great, footballer has managed to pull it off ⤵️https://t.co/bn0vZ6SE2m pic.twitter.com/ssX7Ggntz6
— Telegraph Football (@TeleFootball) June 21, 2026
ئیمپراتۆرییەتی دارایی بێکهام
بێکهام یەکەم یاریزانی تۆپی پێیە کە بووەتە ملیاردێر و خاوەنی سامانێکی خەیاڵییە کە بە 1.6 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
کۆمپانیای DB Ventures؛ بەپێی دوایین ئامارەکان، داهاتی ئەم کۆمپانیایە 63.6 ملیۆن دۆلار و قازانجەکەی 39 ملیۆن دۆلار بووە، بەگوێرەی راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکە کە لە سەرەتای 2025 کراوە، چاوەڕوانیەکان بەو جۆرەن لە کۆتایی ساڵەکە ئەم رێژەیە لە %50 بەرزببێتەوە.
یانەی ئینتەر مەیامی؛ خاڵی وەرچەرخانی دارایی بێکهام، سەرمایەگوزارییەکەی بوو لە یانەی ئینتەر مەیامی، کە ئێستا یەکێکە لە بەنرخترین یانەکانی ئەمریکا.
هاوبەشی لەگەڵ Authentic؛ بێکهام پشکێکی لە کۆمپانیای Authentic هەیە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی مۆڵەتدانی براند لە جیهاندا و خاوەندارێتی براندە گەورەکانی وەکوو Reebok و Ted Baker دەکات.
کێشە خێزانییەکان و کاریگەری لەسەر براند
سەرەڕای ئەو کێشە خێزانییانەی کە لە نێوان دەیڤید و کوڕە گەورەکەی هەیە، بەڵام ئەم بابەتە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بەهای بازرگانیی بێکهام نەبووە، براندە گەورەکان هێشتا وەکوو براندێکی خێزانی و سەلامەت سەیری دەکەن.
داهاتوو؛ لە ئینتەر مەیامییەوە بۆ نەوەکان
بێکهام بەردەوامە لە گەشەپێدانی ئیمپراتۆرییەتەکەی. پێشنیارەکان بۆ کڕینی بەشێکی زیاتری پشکەکانی یانەی ئینتەر مەیامی لەلایەن لیۆنێل مێسییەوە رەتکراونەتەوە، چونکە بێکهام دەیەوێت ئەم یانەیە وەکوو میراتێک بۆ نەوەکانی خۆی بهێڵێتەوە.



