یەکگرتنەوە لەگەڵ مێسی؛ دەیڤد بێکهام هەوڵی گواستنەوەی پێپ گواردیۆلا دەدات
فەیلەسووف دەستبەجێ وەڵامی بێکهام دەداتەوە

یاریگا –
دەیڤد بێكهام، ئەفسانەی ئینگلیزی دەیەوێت جارێکی دیکە پێپ گواردیۆلا و لیۆنێل مێسی لە یەک یانە کۆبکاتەوە.
رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، دەیڤد بێکهام، هاوخاوەنی ئینتەر مەیامی هەوڵدەدات لەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ پێپ گواردیۆلا، راهێنەری پێشووی مانچێستەر سیتی واژۆ بکات و دەیەوێت بە گواستنەوەی ئەو راهێنەرە سەرنجی زیاتر بۆسەر خولی ئەمریکی و یانەکەی رابکێشێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە، گواردیۆلا دەستبەجێ داواکارییەکەی دەیڤد بێكهامی رەتکردووەتەوە، دوای جێهێشتنی مانچێستەر سیتی دەیەوێت لەم هاوینە پشوویەک وەربگرێت و بەخێرایی بۆ کاری راهێنەرایەتی ناگەڕێتەوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، گواردیۆلا پێی وایە بێکهام و یانە ئەمریکییەکە تەنیا کاتی خۆیان بەفیڕۆ دەدەن، چونکە ئەو راهێنەرە ئیسپانییە ئارەزووی پەیوەندیکردن بە خولی ئەمریکی ناکات.
گواردیۆلا کەسە نزیکەکانی ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر بگەڕێتەوە کاری راهێنەرایەتی ئەوا پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەکی گەورە وەردەگرێت.
هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا لە 2024 دوای دوورخستنەوەی گارێس ساوسگەیت هەوڵیاندا گرێبەست لەگەڵ گواردیۆلا واژۆ بکەن، بەڵام ئەوکات بارودۆخەکە بۆ پێپ گونجاو نەبوو، بەڵام ئەگەر توخێل لە مۆندیال لەگەڵ ئینگلتەرا سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا دوای مۆندیال ئەگەری پەیوەندیکردنی پێپ بە ئینگلتەرا بەهێز دەبێت.



