دیوە تاریکەکەی مۆندیال؛ بێلانەکان باجی پاککردنەوەی شارەکانی ئەمریکا بۆ پاڵەوانێتییەکە دەدەن
ئەمریکا بێلانەکانی بۆ کوێ گواستەوە؟

یاریگا –
لە کاتێکدا فیفا بانگەشەی ئەوە دەکات کە تۆپی پێ جیهان کۆدەکاتەوە، بەڵام بێلانەکان و بێماڵەکانی شاری ئاتالانتا لە ئەمریکا هەست بە پەراوێزخستن و مامەڵەیەکی نامرۆڤانە دەکەن.
رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، بێماڵەکان بوونەتە قوربانیی هەڵمەتە توندەکانی پاککردنەوەی شار بۆ پێشوازیکردن لە مۆندیالی 2026.

جیاوازییە چینایەتییەکان
پێش تەنیا هەفتەیەک لە یاری کۆتایی مۆندیال، جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا بە فڕۆکەیەکی تایبەتی گرانبەها گەشتی قەتەری کرد و دۆناڵد ترەمپیش لە یانە گۆڵفە شاهانەکەی لە ڤێرجینیا پشووی دەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا، لە فریدەم پارک لە ئاتالانتا کە کەمتر لە میلێک لە ناوچەی هاندەرانی مۆندیالەوە دوورە، کارمەندانی شارەوانی بەب ێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هێرشیان کردە سەر خێوەتی بێلانەکان؛ ناسنامە، دەرمان و تەواوی کەلوپەلەکانیان فڕێدا، تەنیا بۆ ئەوەی دیمەنی شارەکە بۆ هاندەران و گەشتیاران جوان بکەن.
مامەڵەی نامرۆڤانە و قوربانییەکان
هەڵمەتی دەرکردنی بێلانەکان لە ناوەندی شارە میواندارەکان بووەتە بەشێک لە سیاسەتی مۆندیال لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک.
ئەندرێ دیکنز، سەرۆکی شارەوانی ئاتالانتا راشکاوانە رایگەیاندبوو؛
دەمانەوێت دڵنیابینەوە کە ئەو کەسە بێلانانە نە لە کاتی مۆندیال و نە ئێستاش نزیکی ناوەندی شار ناکەونەوە.
ئەم هەڵمەتانە تەنیا گواستنەوە نەبوون، بەڵکوو کارەساتیان لێکەوتووەتەوە؛ لە کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، کەسێکی بێلانە بە ناوی کۆرنیلیۆس تایلۆر لە نێو خێوەتەکەیدا خەوتبوو کاتێک لەلایەن شۆفڵێکی پێنج تەنیی شارەوانییەوە شێلرا و گیانی لەدەستدا. دەزگیرانەکەی دواتر رایگەیاند کە پارچەی جەستە و خوێنی لە نێو کەلووپەلەکانیدا دۆزیوەتەوە.

ئێمە لە مرۆڤ کەمتر نین
بەشێکی زۆر لەم بێلانانە نازانرێت بۆ کوێ براون. سیریوس، یەکێک لەو بێلانانەی کە نزیک لە هۆتێلەکانی فیفاوە دەژیا، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە؛
لە نیوەشەودا فڕێیاندامە ناوەندێکەوە کە تەنیا کۆگایەکی پڕ لە پۆلیس بوو، وەکوو کەمپەکانی فریاگوزاری وابوو. کاتێک بینیم، جێمهێشت و بە پێ گەڕامەوە ئێرە. هەموو ئەمانە بەهۆی مۆندیالەوەیە، دەیانەوێت شارەکە بۆ گەشتیاران جوان بکەن و چاویان بە دیمەنی ناشرین نەکەوێت.
درەیڤۆن کلارک، کەسێکی دیکەی بێلانەیە دەڵێت؛
هەست دەکەین کۆمەڵگەکەمان دەرکراوە. ئێمە تەنیا نیشانەی دۆلار نین، ئێمە مرۆڤین و بێزارین لەوەی بەهۆی پارەپەیداکردنەوە بڕیاریان داوە وەووک بونەوەرێکی کەمتر لە مرۆڤ مامەڵەمان لەگەڵ بکەن.
ئەمە ئەو دیوە تاریکەی مۆندیالە کە کامێراکان نایگوازنەوە؛ پاڵەوانێتییەک کە بڕیاربوو ئاهەنگێک بێت بۆ هەمووان، بەڵام بۆ هەندێک کەس بووەتە هۆی لەدەستدانی ئەو بستە زەوییە بچووکەی کە لەسەری دەخەوتن.



