گرنگترینمۆندیالی 2026

ململانێی راهێنەرەکان لە مۆندیال؛ پسپۆڕانی یانەکان کۆتایی بە قۆرخکاریی راهێنەرە نیشتمانییەکان دەهێنن؟

مۆندیالی 2026 مێژووی راهێنەرەکان دەگۆڕێت؟

Yariga App

یاریگا –

پاڵەوانێتییەکی وەکوو مۆندیال هەمیشە تاموچێژ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی مۆندیالی ئەمجارەش بینینی چەندین رووبەڕووبوونەوەی ناوازە و سەرنجڕاکێشە لەسەر ئاستی راهێنەران.

بەپێچەوانەی خولە ناوخۆییەکان کە زۆرجار راهێنەرەکانیان هەمان باکگراوندیان هەیە، لە مۆندیالدا دەبینین راهێنەرە کۆنەکارەکانی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان رووبەڕووی ئەو راهێنەرە گەورانە دەبنەوە کە پێشتر تەنیا لەسەر ئاستی یانەکان نازناوی گەورەیان بردووەتەوە.

 هەڵبژاردەکانی وەکوو ئینگلتەرا، بەرازیل و ئەمریکا پارەیەکی خەیاڵییان بۆ راکێشانی ئەو راهێنەرانەی کە خاوەن ئەزموون و ناوبانگێکی گەورەن لە جیهانی تۆپی پێی یانەکان، خەرج کردووە؛ وەکوو تۆماس تۆخێل، کارلۆ ئانچێلۆتی و ماوریسیۆ پۆچێتینۆ.

خاڵی هاوبەشی ئەم سێ راهێنەرە ئەوەیە کە پێشتر هیچ ئەزموونێکیان لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان نەبووە، ئەگەر رووبەڕووی راهێنەرێک ببنەوە کە ساڵانێکی زۆرە لەنێو یارییە نێودەوڵەتییەکاندایە، بە باشی دەزانێت چۆن بەرگری لە شێوازی یاریکردنی خۆی بکات بەرامبەر بەم راهێنەرە نوێیانە.

 لە چەند رۆژی داهاتوو، مۆندیال لە نێوان بیرکردنەوە و قوتابخانە جیاوازەکاندا چەندین رووبەڕووبوونەوەی دراماتیکی بەخۆیەوە دەبینێت؛

لیۆنێل سکالۆنی بەرامبەر رالف رانگنیک

 سکالۆنی کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئەرجەنتین گەیشتە لووتکە و نازناوی مۆندیالی پێشووی بردەوە، رووبەڕووی رانگنیکی راهێنەری نەمسا دەبێتەوە؛ کەسێک کە بە باوکی رۆحیی تاکتیکی ‘گێگنپرێس’ دەناسرێت و تاوەکوو تەمەنی 63 ساڵی تەنیا راهێنەرایەتی یانەکانی کردووە.

دیدیێ دیشامپ بەرامبەر گراهام ئارنۆڵد

 دیشامپ سەرەڕای سەرکەوتنە گەورەکانی لەگەڵ فەرەنسا، هێشتا بەهۆی شێوازە بەرگرییەکەی رەخنەی لێدەگیرێت. ئەو رووبەڕووی گراهام ئارنۆڵد دەبێتەوە؛ راهێنەرێک کە لە %90ـی کاروانی وەرزشی خۆی لە ئوسترالیا بەسەربرد و ئێستاش لە بڕیارێکی جیاوازدا ئەرکی مەشقدانی هەڵبژاردەی عێراقی لەئەستۆیە.

رۆبێرتۆ مارتینێز بەرامبەر فابیۆ کاناڤارۆ

 لە یاریی نێوان پورتوگال و ئوزبەکستان، رۆبێرتۆ مارتینێز رووبەڕووی کاناڤارۆ دەبێتەوە؛ کەسێک کە وەکوو یاریزان باڵۆن دۆری بردووەتەوە و وەک راهێنەریش خولی چینی بەدەستهێناوە.

تۆماس تۆخێل بەرامبەر کارلۆس کیرۆش

 یارییەکەی بەرامبەر گانا بۆ تۆماس تۆخێل تاقیکردنەوەیەکی قورس دەبێت کاتێک رووبەڕووی کارلۆس کیرۆش دەبێتەوە، کیرۆش کە ئێستا راهێنەری گانایە، ئەمە نۆیەمین هەڵبژاردەیە لە مێژوویدا سەرپەرشتی دەکات.

مۆندیالی 2026 مێژووی راهێنەرەکان دەگۆڕێت؟

لێرەدا چیرۆکێکی شاراوە و پرسیارێکی گەورە دروست دەبێت؛ هەمیشە گوتراوە کە راهێنەرایەتیکردنی یانە و هەڵبژاردە دوو کاری تەواو جیاوازن و لێهاتوویی جیاوازیان دەوێت.

بەڵام، ئەگەر راهێنەرانی وەکوو تۆخێل، ئانچێلۆتی و پۆچێتینۆ سەرکەوتوو بن و ئەنجامی گەورە بەدەستبهێنن، ئەوا ئەو تیۆرییە کۆنە بەتەواوی بەتاڵ دەبێتەوە.

رەنگە لە داهاتوودا یەکێتییە وەرزشییەکان لەبری ئەوەی پەنا بۆ هێما نیشتمانییەکان یان ئەو راهێنەرانە ببەن کە تەنیا پسپۆڕی هەڵبژاردەن، راستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ راهێنەرە سەرکەوتووەکانی یانەکان واژۆ بکەن.

یان ئەوەتا قوتابخانە کۆنەکە بەرگەی ئەم گۆڕانکارییە دەگرێت، یانیش ئەم مۆندیالە دەبێتە ئەو خاڵە وەرچەرخانەی کە سیستەمی راهێنانی نێودەوڵەتی بۆ هەمیشە دەگۆڕێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button