ئیسپانیا

یانەی ریال مەدرید پێشوازی لە میوانێکی تایبەت کرد

یاریگا –

منداڵە 8 ساڵانەکەی هاندەری ڤینیسیوس، کە لەلایەن هاندەرانی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە هێرشی کرایە سەر و هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، شەوی رابردوو میوانی تایبەتی ستافی ریال مەدرید بوو.

کێبڕکێ و ململانێی هاندەرانی ئەتلەتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید هەندێک جار دیمەنی ناشرین لە نێوان هاندەرانی ئەم دوو تیپەدا دروست دەکات.

یەکێک لەو رووداوانە لە یارییەکەی ئەم هەفتەیەی نێوان هەردوو یانە مەدریدیەکە روویدا، کە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە یاریگای واندا میترۆ پۆلیتانۆ میوانداریی کرد، کچێکی تەمەن هەشت ساڵان کە لەگەڵ دایکی و خاڵۆزاکەی کە درێسێکی ڤینیسیۆس جونیۆری لەبەر کردبوو و چووبوون بۆ سەیرکردنی ئەم یارییە، لەلایەن ئەڵتراسەکانی ئەتلەتیکۆوە هەراسان کرا و تەنانەت هەرەشەی کوشتنیان لێکرد.

ئەم بابەتە دەستبەجێ  لە لای پۆلیس راپۆرت کرا بۆ ئەوەی دۆسیەیەک لەسەر هاندەرانی ئەتلەتیکۆ تۆمار بکات، بەڵام بەڕێوەبەرانی ریال مەدرید توانیان خێزانی کچەکە بدۆزنەوە و لەگەڵ ئەندامانی تری خێزانەکەی بانگهێشتی سانتیاگۆ بێرنابیۆیان بکەن بۆ ئەوەی سەیری یارییەکەی شەوی رابردووی بەرامبەر لاس پاڵماس بکەن.

لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکاندا دەردەکەوێت کە لە لایەن یانەکەوە درێسی بە دیاری وەرگرتووە و جگە لەوەش لەگەڵ ئەستێرەکانی وەک ڤالڤێردی و ئۆرلین چوامینی و خۆسیلۆ، رۆدریگۆ هەروەها فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو رووداوەی لە میترۆ پۆلیتانۆ روویدا بە زوویی لە بیر بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button