ئیسپانیا

ئەڵتراسەکانی ئەتلەتیکۆمەدرید هەڕەشەی کوشتن لە هاندەرێکی ڤینیسیوس دەکەن

یاریگا –

دایک و پوری منداڵێکی 8 ساڵان، لە پۆلیسی ئیسپانیا سکاڵایان تۆمارکرد، دوای ئەوەی منداڵەکە لەلایەن ئۆڵتراسەکانی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە هێرشی کرایە سەر بەهۆی ئەوەی درێسێکی ڤینیسیۆس جونیۆری لەبەردا بوو.

لالیگا راپۆرتێکی پێشکەش بە داواکاری گشتی ئیسپانیا کرد سەبارەت بەوەی کۆمەڵێک ئەڵتراسی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید هەڕەشەی کوشتنیان لە کچێکی تەمەن 8 ساڵان کردووە کە درێسێکی ڤینیسیۆسی لەبەردا بووە و ئامادەی یاری دێربی بووە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردەوە، لالیگا ئەو وێنانەی لەبەردەستدایە کاتێک هاندەرەکان هەڕەشەی کوشتن دەکەن، پێشتریش پوور و دایکی ئەو منداڵەکە بەجیا سکاڵایان تۆمارکردووە.

سیلڤیا، پووری منداڵە 8 ساڵانەکە، لە بەرنامەی “ئێل لارگرۆ”دا باسی لە رووداوەکانی یەکشەممەی رابردوو پێش دێربی مەدرید کرد.

گوتی:

ئێمە لە نزیک یاریگای میترۆپۆلیتانۆدا دەڕۆیشتین، گردبوونەوەیەک لەنێو هاندەرانی ئەتلەتیکۆدا هەبوو، ئێمە وەستاین بۆ ئەوەی سەیری بکەین، من لە منداڵییەوە هاندەری ئەتلەتیکۆ بووم. لەناکاو ئەوان دەستیان کرد بە وتنەوەی دروشمێک کە کەسێکیان بە مەیمون بانگ دەکرد.

لە درێژەی قسەکانی دا گوتی:

سوێند دەخۆم سەرەتا نەماندەزانی مەبەستیان لەئێمەیە، تەنانەت سەیری دواوەشم کرد و پێم وابوو مەبەستیان لە کەسێکیترە. هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات کە بەهۆی کچەکەمانەوە بێت. تا لاوێک هات و توند قۆڵی گرتم و گوتی: “لێرە دوور بکەونەوە یان ئەم کچە نەفرەتییە دەکوژین!”

لە درێژەدا باسی رووداوەکەی کرد و گوتی: “دواتر سەرم بەرز کردەوە و بینیم خەڵکێکی زۆر، هاندەرێکی زۆر لە خەڵک ئاماژە بە کچەکە دەکەن، سووکایەتی بە کچەکەمان دەکەن”.

پوووری منداڵە بچووکەکە ئاشکرای دەکات کە ئەو رووداوە توندوتیژ و رەگەزپەرستییە کچە تەمەن 8 ساڵانەکەی تووشی تێکچونی باری دەرونی کردووە و دەڵێت: شەوی یەکەم چەند جارێک لە خەو هەڵسا و پێیوابوو ئەو هاندەرانە بەدوایدا دێن. کابوسێکی زۆری بینی. نازانێت بۆچی هەموو ئەمانە روویانداوە. پێی گوتم:

تکایە جارێکی تر نەیبەینەوە بۆ یاریگا.

بابەتی زیاتر

Back to top button