ئیتاڵیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

دێربی توڕە… باڵادەستی ئینتەر و نەفرەتییەکەی میلان

یاریگا –

ئەمڕۆ شەممە، لە میانی یارییەکانی گەڕی چوارەمی سێریا ئەی، ئینتەر میلان لە یاریگای جیوزێپی میازا میوانداری ئەیسی میلان دەکات، کە ئەم یارییە بە دێربی توڕە ناسراوە و بە یەکێک لە بەهێزترین و دێرینترین دێربییەکانی مێژوو دادەنرێت.

یارییەکە بۆ هەردوولا گرنگییەکی زۆری هەیە، ئینتەر میلان دەیەوێت بەردەوامی بدات بەو باڵادەستییەی سێ ساڵە هەیەتی لە دێربی میلانۆدا، لە کاتێکدا کوڕانی ستیفانۆ پپیۆلی دەیانەوێت کۆتایی بە ئەنجامە رەشەکانیان بەرامبەر بە نیرازۆری بهێنن.

تۆڕی وەرزشی یاریگا، لەم راپۆرتەدا تیشک دەخاتە سەر باڵادەستی نیرازوری و نەفرەتیی رۆسۆنێری لە دێربییەکانی ساڵی 2023.

جامی سوپەری ئیتاڵیا

یەکەم دێربی دێلا مادۆنینا، لە ساڵی 2023، بە یاری جامی سوپەری ئیتاڵیا دەستیپێکرد، کاتێک هەردوو یانە لە 18ی شوبات لە یاریگای کینگ فەهد رووبەڕووبوونەوە، میلان وەک پاڵەوانی سێریا ئەی، ئینتەریش وەک پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا.

ئینتەر میلان یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، دیمارکۆ، دزیکۆ و مارتینێز گۆڵەکانیان کرد، نیرازوری بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیتاڵیا.

سێریا ئەی

لە یاری گەڕانەوەی وەرزەکە و لە گەڕی 21، ئینتەر میلان توانی تۆڵەی شکستەکەی یاری چوون بکاتەوە، بە تاکە گۆڵێکی لاوتارۆ مارتینێز شکستیان بە میلان هێنا، لە کاتێکدا لە یاری چوون بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بە میلان دۆڕابوون.

ئەمەیش بووە دووەم بردنەوەی بەدوای یەکەی ئینتەر میلان لە دێربی توڕە لە ساڵی 2023 دا، توانی باڵاداستی خۆی بەسەر دێربییەکەدا بسەپێنێت.

چامپیۆنزلیگ

لە رووبەڕوبوونەوەیەکی دەگمەن کە ساڵانێکی زۆربوو رووینەدابوو، هەردوو یانە لە قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کەوتنە سەر هەمان رێگا.

باڵادەستی نیرازوری بەردەوامبوو، کاتێک کوڕانی ئینزاگی توانیان یاریی یەکەم بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی خۆیان بە کۆتا بهێنن. دزیکۆ و مخیتاریان گۆڵەکانیان کرد، رێگەی گەیشتنی ئینتەریان بۆ یاری کۆتایی ئاسانکرد.

لە یاری گەڕانەوە نیرازوری جارێکی دیکە بە تاکە گۆڵێکی لاوتارۆ مارتینێز شکستی بە رۆسۆنێری هێنا، بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2010 وە خۆی گەیاندە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

بەمشێوەیە ئینتەر میلان توانی لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگدا، چوار جار شکست بە ئەیسی میلانی رکابەری بهێنێت، خۆی کرد بە پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکی دێربی توڕە.

ئەوەی زیاتر جێگای سەرنجە ئەوەیە، نیرازوری توانی 7 جار تۆڕی گۆڵەکەی رۆسۆنێری بهەژێنێت بەبێ ئەوەی یەک تاکە گۆڵیشی لێبکرێت.

یارییەکەی ئەمشەو پێنجەم دێربی دێلا مادۆنیندا دەبێت لەمساڵدا، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا رۆسۆنێری کۆتایی بە نەفرەتیی 2023 دەهێنێت یاخود نیرازوری وەک پاڵەوانی چیرۆکەکە درێژە دەدات بە باڵادەستی خۆی.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button