ئه‌مریکا

ئینتەر میامی دوو ئەفسانەکەی ئیسپانیای دەوێت

یاریگا –

سێرجیۆ رامۆس و جۆردی ئەلبا، کاپتنەکانی پێشووی یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەگەڵ ئینتەر میامی لە گفتوگۆدان و بەم نزیکانە دەتوانن پەیوەندی بە لیۆ مێسی و سێرجیۆ بوسکێتسەوە بکەن.

ئینتەر میامی پلانی هەیە بۆ وەرزی داهاتووی خولی MLS ئامادەکاری بەهێز بکات، دوای واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ لیۆنێل مێسی و بوسکێتس و هەڵبژاردنی تاتا مارتینۆ وەک راهێنەر، ئێستا لە پلانیان دایە گرێبەست لەگەڵ رامۆس و ئەلبا بکەن.

گۆڤاری سپۆرت نووسیویەتی: دانوستانەکانی ئینتەر میامی لەگەڵ ئەلبا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، چووەتە قۆناغی کۆتایی و کاپتنی پێشووی بارسێلۆناش زیاتر لەم تیپە ئەمریکییە نزیک بووەتەوە. تەنها وردەکارییەکان ماوە بۆ گفتوگۆکردن و پێشبینی دەکرێت ئەلبا بەم زووانە بەرەو میامی بڕوات، هەروەها ئینتەر ئەفسانەیەکی تری ئیسپانی دەوێت.

دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان و وەرگرتنی وەڵامی نەرێنی لەلایەن سێڤییاوە، سێرجیۆ رامۆس لە ئێستادا دڵنیا نییە لە شوێنی داهاتووی، بەڵام ئێستا ئۆفەرێکی باشی لە ئینتەر میامی وەرگرتووە و بیر لەو ئۆفەرە دەکاتەوە.

ئەگەر رامۆس ئۆفەرەکەی ئینتەرمیامی قبوڵ بکات، جارێکی تر لەگەڵ مێسی یەکدەگرێتەوە. بە ئامادەبوونی مێسی, بوسکێتس, ئەلبا و رامۆس یاریزانانی لالیگا لە خولی MLS کۆدەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button