ئه‌مریکاگرنگترین

تایبەت.. تەواوی چاوپێکەوتنەکەی لیۆ مێسی لەگەڵ موندۆ و ئاشکراکردنی وردەکارییەکان

یاریگا –

لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یاریزانی پێشووی یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی دوور و درێژی ئەنجامدا و تێیدا یانەی داهاتووی دیاریكرد و باسی لە زۆر بابەتی گرنگی دیكە كرد.

لە دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان لیۆنێل مێسی ریزەكانی یانە فەڕەنسیەكەی جێهێشت.

لە ماوەی چەندین رۆژی رابردوودا یانەی داهاتووی مێسی بوو بوو بە بابەتی گەرمی رۆژنامە جیهانیەكان و داهاتوویان بە هەریەك لە یانەكانی هیلالی سعودی، بارسێلۆنای ئیسپانی و ئینتەر میامی ئەمریكی بەستبوویەوە.

لە چاوپێكەوتنەكەیدا ئەفسانە ئەرجەنتینیەكە ئینتەر میامی ئەمریكی وەك یانەی داهاتووی دەستنیشانكرد كە دەیڤید بێكهامی ئینگلیزی سەرۆكی یانەكەیە.

تەواوی چاوپێكەوتنەكەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ و سپۆرت:

– لە دوای كۆتاییهاتنی وەرز، ئێستا من باش و ئارامم، ساڵێكی نائاسایی و ناوازە بوو، مۆندیال لە ناوەڕاستی وەرزدا بەڕێوە چوو، كە زۆر شتی گۆڕی، من ئێستا بیر لە هەڵبژاردەی نیشتیمانی و پشووەكانم دەكەمەوە.

بە چ هەستێك پەیوەندیت لەگەڵ پاریس كۆتایی پێهێنا؟

– پاریس سان جێرمانم جێهێشت بە هەستێكی تێكەڵەوە، راستییەکە ئەوەیە کە ساڵی یەکەمم زۆر سەخت بوو، وەک پێشتر لە هەندێک کاتدا بە هۆکاری جۆراوجۆر وتوومە، لە ساڵی دووەم بۆ شەش مانگی یەکەم هەستم زۆر باش بوو، زۆر ئاسودە بووم لە یانەكەم و لە شارەكەدا لەگەڵ خێزانەكەم، لە نیوەی وەرزدا مۆندیال هەبوو، یەكەمجار بوو مۆندیال لەو كاتەدا بكرێت، پێموایە كاریگەریەكی گەورەی لەسەر وەرزەكە هەبوو، چاوەڕوان بووم بە شێوەیەكی جیاواز كۆتایی پێبێت، بەڵام بە گشتی ئەو دوو ساڵە بۆ من زۆر قورس بوو، بەڵم ئەو دوو ساڵە ئێستا بووە بە رابردوو.

– بەراستی بیری بارسێلۆنام دەكرد، ساڵی یەكەم بۆ من زۆر قورس بوو، سەیری یاریەكانم دەكرد و یادگاری زۆرم دەهاتەوە یاد، بە درێژایی ساڵەكە چاودێری یاریەكانم دەكرد، دەمویست هەموو كاتێك بارسێلۆنا بیباتەوە وەك هەموو هاندەرێكی دیكە، لە ساڵی یەكەم زۆر قسەم لەگەڵ چاڤی دەكرد دەربارەی یاریەكان و هەندێك بارودۆخی دیكە، لە راستیدا زۆر قسەمان دەكرد كاتێك ئەو راهێنەر بوو.

ویستم بگەڕێمەوە بارسێلۆنا بەڵام….

– لە راستیدا ویستم بگەڕێمەوە بارسێلۆنا وە زۆر بە پەرۆشیش بووم بۆ ئەوە، بەڵام لە لایەكی دیكەوە دوای ئەوەی ئەزمونم كرد و پێیدا تێپەڕیم ئەو بارودۆخەی دوو ساڵ پێش ئێستا ئەو كاتەی گرێبەستەكەمیان نوێ نەكردەوە نەمدەویست جارێكی دیكە تووشی هەمان بارودۆخ ببمەوە، چاوەڕێ بكەم و داهاتووی خۆم لە دەستی كەسێكی دیكە جێبهێڵم.

– حەزم دەکرد خۆم بڕیار بدەم و بیر لە کاروباری خۆم و خێزانەکەم بکەمەوە و داهاتووی خۆم دیاری بكەم، هەرچەندە بیستوومە باس لەوە کراوە کە لالیگا هەموو شتێکی قبوڵ کردووە و هەموو شتێک باشە بۆ گەڕانەوەم، بەڵام هێشتا زۆر کاری دیکە ماوە دەبوو بكرێت، بیستوومە دەبێت یاریزان بفرۆشن یان مووچەکەیان کەم بکەنەوە و راستییەکە ئەوەیە کە من نەمدەویست بەو شتەدا تێپەڕ بم و كەسانی دیكە لەبەر من زیانیان بەر بكەوێت، پێشتر بە زۆر شت تۆمەتبار كرابووم لە ژیانی وەرزشیمدا لە بارسێلۆنا ماندوو بووم و نەمدەویست دووبارە رووبدەنەوە.

ئەو دوو ساڵەی لە پاریس بەسەرت برد کاریگەری لەسەر بڕیارەکەت هەبوو؟

– بەڵێ کەمێک، چونکە وەک پێشتر وتم دوو ساڵ بوو کە تێیدا دڵخۆش نەبووم و چێژم لێ وەرنەگرت، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی خێزانەکەم هەبوو، بیری ژیانی منداڵەکانم دەکرد لە قوتابخانە، کاتێک لە بارسێلۆنا بووم، دەچووم بۆ ئەوەی ئاگاداریان بم، بەڵام لێرەدا کەمتر ئەم کارەم دەکرد و لە هۆتێل دەمامەوە كاتێك دەچوونە قوتابخانە، کەم چالاکیی لەگەڵ ئەوان هەبوو، ئەم بڕیارە لە ئاستی خێزانیشەوە بوو بۆ ئەوەی رۆژ بە رۆژ لەگەڵیان چێژ وەربگرین.

– من بە بەختم چونكە هەموو شتێكم لە تۆپی پێدا بەدەستهێناوە، من ئێستا گرنگی زیاتر بە خێزانەكەم دەدەم.

هەستت چۆن بوو كاتێك ناوت لە كامپ نۆو دەوترایەوە؟

– بۆ من زۆر جوان بوو چێژم لێ وەردەگرت، چونكە راستیەكە ئەوەیە بە شێوەیەكی سەیر رۆیشتم و ماڵئاواییم لێ نەكرا وەك بۆسكێتس و ئەلبا، هەروەها پێشتر بۆ چاڤی و ئینێستا روویدا، بۆ ئەوەی بتوانم بە باشی ماڵئاوایی بكەم لە هاندەران، خۆشەویستی بارسێلۆنا هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە.

دوای ماوەیەکی کەم لە رۆشتنت، بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵ فێران کرد بە بڕی 55 ملیۆن، ئایا ئەوە بەلای تۆوە سەیر بوو؟

– نازانم، ئەو كات دڵتەنگ بووم بە رۆیشتنم، چونكە نەمتوانی بمێنمەوە و دوای ئەوە یانەكە دەستیكرد بە جوڵە و یاریزانی گواستەوە، لەو كاتەدا هەستم دەكرد كە یانەكە دەیانتوانی ئەو كارە بكەن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ئەو دوو ساڵە تێگەیشتم و چیتر بیرم لێ نەكردەوە.

– لە راستیدا پارە هەرگیز لە پێشینەی من نەبووە، ئەگەر پارەم بوویستایە ئەوا دەچوومە سعودیە، بڕیارەكەم لە روویەكی دیكەوە بوو نەك ئەو بابەتە.

– بە دڵنیاییەوە لە بارسێلۆنا کەسانێک هەن نەیانویستووە بگەڕێمەوە بۆ یانەکە و پێشتریش ویستوویانە بڕۆم، لە ئیدارەی بارسێلۆنا هەندێک کەس هەن پێیان وایە گەڕانەوەم بۆ یانەکە باش نییە.

حەز دەكەیت دوای وازهێنانت بگەڕێیتەوە بارسێلۆنا؟

– بەڵێ، حەزدەكەم لە یانەكە نزیك بم، دوای كۆتاییهاتنی كاروانی وەرزشیم لە بارسێلۆنا دەژیم، ئەوە شتێكە لەوانەی لەگەڵ خێزان و منداڵەكانمدا هاوڕاین لەسەری، چونكە ئەو شارە و ئەو یانەیەم خۆشدەوێت، من ئەو خۆشەویستییە بەرز دەنرخێنم کە لە ماوەی کارکردنمدا لەلایەن خەڵکەوە هەمبووە و زۆرم پێ خۆشە جارێکی تر لێرە بم.

بە شێوەیەكی فەرمی هەژماری ئینتەر میامی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بە پارچە ڤیدیۆیەك پەیوەندیكردنی لیۆنێل مێسی بە یانەكەیانەوە راگەیاند.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button