ئیتاڵیاگرنگترین

تێچووی پۆگبا لەسەر یوڤێنتوس خەیاڵییە

یاریگا –

داتاکان دەیسەلمێنن تێچووی پۆل پۆگبای فەڕەنسی لەسەر یانەی یوڤێنتوس خەیاڵییە.

پۆگبا لە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی ئازاد لە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە گەڕایەوە بۆ یانەی یوڤێنتوس، بە مووچەی ساڵانەی 8 ملیۆن یۆرۆ.

بەڵام گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ یوڤێ سودبەخش نەبوو، بەهۆی ئەوەی ناوبراو بە پێکانێکی درێژخایەنەوە گەڕایەوە، کە هەر ئەو پێکانە بێبەشیکرد لە جامی جیهانی قەتەر.

پۆل هەفتەی رابردوو  لە یاری یانەکەی بەرامبەر کریمۆنیزی بەشێوەی سەرەکی بەشداریکرد، کە یەکەمجار بوو لە دوای مانگی 4ی ساڵی 2022 بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەک بکات.

بەڵام یاریکردنی ناوەڕاستکارە فەڕەنسییەکە زۆری نەخایاند، بە هۆی توشبوونی بە پێکانێکی نوێ لە خولەکی 24 یاریگای جێهێشت، کە ئەمەش بووە هۆی کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە بۆی.

داتاکانیش دەیسەلمێنن تێچووی دارایی ئەو یاریزانە لەسەر خانمە پیرەکە خەیاڵییە، پۆگبا بە درێژایی ئەم وەرزە تەنیا 161 خولەک یاری بۆ یوڤێ کردووە، لە بەرامبەردا بۆ هەر خولەکێک یاریکردنی زیاتر لە 50 هەزار یۆرۆ لەسەر یوڤێنتوس کەوتووە.

ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت یاریزانەکە لە رووی دارایی زیانێکی زۆری بە یانەکە گەیاندووە، ئەرکی سەرشانی یوڤێی قورستکردووە، سەرەڕای هەبوونی نا سەقامگیرییەکی بەردەوامیش لە یانەکەدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button