ئیسپانیاگرنگترین

نەیمار بەشداری لە ئاهەنگەكانی بارسێلۆنا دەكات

یاریگا –

راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاشكرایانكرد، نەیمار دا سێلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی بەشداری لە ئاهەنگەكانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی كردووە بە بۆنەی بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا.

بارسێلۆنا بە شێوەیەكی فەرمی بوو بە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا بۆ وەرزی 2022/23 و توانی بۆ جاری بیست و حەوتەم نازناوەكە بباتەوە، دوای بردنەوەیان لە ئیسپانیۆل بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ پێش چوار هەفتە لە كۆتاییهاتنی خولەكە.

لە هاوینی ساڵی 2017 نەیمار بارسێلۆنای بەرەو پاریس سان جێرمان جێهێشت بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ كە بە گرانترین ئۆفەر لە مێژوودا دادەنرێت.

بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەنووس جێرارد رۆمێرۆ لە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ نەیمار یەكێك بووە لەو میوانە چاوەڕواننەكراوانەی ئاهەنگەكەی بارسێلۆنا كە بۆ بەدەستهێنانی بردنەوەی لالیگا ساز كرا بوو.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشكردووە، نەیمار هێشتا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ یاریزانەكانی بارسێلۆنادا هەیە، كە لەو كاتەی یاری بۆ دەكردن هاوڕێی بوون وەك تێر شتیگن، جۆردی ئەلبا ، سێرجیۆ بۆسكێتس و سێرجی رۆبێرتۆ.

بارسێلۆنا 27 جار نازناوی خولی ئیسپانیای بەدەستهێناوە دوای یەكلاكردنەوەی نازناوی لالیگای ئەم وەرزە.

بابەتی زیاتر

Back to top button