ئیسپانیاگرنگترین

بارسێلۆنا داوا لە سەرۆكی لالیگا دەكات دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە

یاریگا –

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی داوا لە سەرۆكی كۆمەڵەی خولی ئیسپانیا دەكات دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە لە دوای ئەو پێشهاتانەی پەیوەستن بە دۆسیەی ئێنریكێز نێگرێیرا.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لە چەند مانگی رابردوودا، چەندین بەڵگەیان لەسەر پێدانی پارەیەکی زۆر لەلایەن بارسێلۆناوە بە جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان ئاشکرا کرد.

رۆژنامەی لا ڤانگواردیا لە لێکۆڵینەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، تێباس بەڵگەی دروستکراوی بۆ تۆمەتبارکردنی بارسێلۆنا پێشکەشی داواکاری گشتی کردووە. لە راپۆرتەکانیدا، ناوی هەریەکە لە ساندرۆ رۆسێل، جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆی تێوەگلاندووە.

بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیاریانەی كە ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن ” La Vanguardia ” بڵاوكراوەتەوە كە تێیدا خاڤیێر تێباس، سەرۆكی كۆمەڵەی خولی ئیسپانیا بەڵگەی ساختەی پێشكەشی داواكاری گشتی كردووە بەمەبەستی سزادانی یانەكەمان، بارسێلۆنا توڕەیی تەواوی خۆی دەردەبڕێت.

هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە: بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە سەرۆكی خولی ئیسپانیا دەكەین بە ئاشكرا روونكردنەوە بدات نەك لەتویتەر.

ئاماژەیان بەوەشكردووە: ئێمە وەك یانەی بارسێلۆنا وەك خوان لاپۆرتا سەرۆكی بارسێلۆنا ئاماژەی پێكرد هەست دەكەین بووینەتە قوربانی میدیایی بەهۆی ئەو رووداوانەی كە كە بوونیان نیە و روویان نەداوە، بارسێلۆنا هەرگیز ناوبژیوانی نەكڕیوە.

یانە كەتەلۆنییەكە لە بەیاننامەكەدا روونیشیانكردەوە: چەند دەزگایەکی میدیایی و خاوەن بیروڕا بە نیازێکی خراپ بەشدارییان لەم بابەتەدا کرد، و لەگەڵ لالیگا لە پشت پەردەوە ئاگریان لە دژی یانەكەمان هەڵكرد، لەگەڵ بەشدارییەکانی سەرۆکی لالیگا تەنیا بە یەك ئاڕاستە بەشداریانكرد ئەویش هەوڵدانە بۆ ئیدانەکردنمان، لەبەردەم رای گشتیدا پێش ئەوەی بڕیار لەسەر راستییەکان بدرێت.

یانە ئیسپانیەكە لە درێژەی بەیاننامەكەدا ئاماژەیان بەوەشكرد: ئەمە یەكەمجار نیە سەرۆكی لالیگا لێدوان لە دژی یانەكەمان دەدات، و ئامانجی بەردەوامیشی ئەوەیە كە زیان بە یانەكەمان بگەیەنێت.

لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا هاتووە: بۆ ئەو كارە و راسپاردنی ئەو كارانەی كە لە گەڵیدا ناگونجێت و لەبەر كەرامەت و رێزگرتن لە سەرۆكایەتی خولەكە پێوویستە تێباس دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە.

دەسەڵاتی دادوەری ئیسپانیا بارسێلۆنای تۆمەتبار كردووە بە پێدانی بەرتیلدان بە سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانان لە ساڵەكانی 2016-2018.

بابەتی زیاتر

Back to top button