بارسێلۆنا دەستبەرداری ئالڤارێز نابێت؛ وردەکاریی ئۆفەرە شێتانەکەی دوای مۆندیال ئاشکرا دەبێت
بلاوگرانا ئۆفەرێکی گەورەی بۆ خولیان ئامادە کردووە

یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا هێشتا ئامانجە گەورەکەی لەدەست نەداوە کارگێڕیی یانەکە پێیان وایە خولیان ئالڤارێز، ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، پارچەیەکی ستراتیژی و سەرەکییە بۆ پڕۆژە نوێیەکەیان.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا خەریکی داڕشتنی پلانێکی گەورەیە بۆ ئەوەی راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026، دەست بە گواستنەوەی ئالڤارێز بکەن، هەرچەندە یانەکە دەزانێت دانوستانەکان درێژخایەن و ئاڵۆز دەبن، بەڵام پاشەکشەکردن لە پلانەکانیان نییە و چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەن.

ئۆفەرێکی مێژوویی؛ 150 ملیۆن یۆرۆ لەسەر مێزە
رۆژنامە کاتالوونییەکە ئاشکرای کردووە کە بارسێلۆنا دوایین جووڵەی خۆی بۆ خولیان ئامادە کردووە.
بارسێلۆنا پێشنیارێکی جێگیری بە بڕی 135 ملیۆن یۆرۆ ئامادە کردووە و لەگەڵ زیادکردنی گۆڕاوەکاندا، بەهای گرێبەستەکە دەگاتە 150 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە گرانترین گرێبەستەکانی مێژووی یانەکە.
خاڵێکی زۆر گرنگ لەم ئۆفەرەدا ئەوەیە هیچ یاریزانێک ناخرێتە نێو گرێبەستەکەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید لە سەرەتای پەیوەندییەکانەوە زۆر راشکاوانە رایگەیاندووە کە ئامادە نین هیچ جۆرە ئاڵووگۆڕێکی یاریزانان قبووڵ بکەن و بارساش پابەندی ئەم مەرجە بووە.

هەڵوێستی ئاتلێتیکۆ و ماتیۆ ئەلێمانی
سەرەڕای سەختییەکانی ئاتلێتیکۆ، بارسیلۆنا پێی وانییە دەرگاکە بەتەواوی داخرابێت و راست نییە کە ئاتلێتیکۆ دانوستان ناکات. کەسایەتییەکانی نێو ژینگەی ئاتلێتیکۆ، وەک ماتیۆ ئەلێمانی، ئامادەن بیر لە فرۆشتنی یاریزانەکە بکەنەوە ئەگەر بڕە پارەکە لە داواکارییەکانی ئەوان نزیک بێت.

یارییەکە بەردەوامە؛ بارسێلۆنا گوێ بە ریال مەدرید نادات
دەنگۆی ئۆفەرە خەیاڵییەکەی ریال مەدرید بە بڕی 150ملیۆن یۆرۆ بۆ ئالڤارێز، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ستراتیژی بلاوگرانا نەبووە. بەپێچەوانەوە، لە کامپ نۆو دۆخەکە زۆر ئارامە.
رۆژنامە کاتالوونییەکە ئاشکرای دەکات، ئەو ڕۆژەی باسی ئۆفەرەکەی ریال مەدرید کرا، نامەیان لە ناوخۆی بارسیلۆنا بۆ هاتووە کە دەیانگوت؛ ‘یارییەکە بەردەوامە، ئێمە کاری خۆمان دەکەین’.” ئەمەش نیشانەی متمانەی تەواوی کارگێڕییە بە پلانەکەیان.

هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە دوای مۆندیالەوە
لە کۆتاییدا سپۆرت ئەوەی خستووەتەڕوو، ئۆپەراسیۆنەکە بەتەواوی وەستاوە تاوەکوو مۆندیال کۆتایی دێت. بارسیلۆنا پێی وایە دوای پاڵەوانێتییەکە دەرگایەکی روونتر دەکرێتەوە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان. دۆخەکە ئاسان نییە، چونکە یاریزانەکە گرێبەستێکی درێژخایەنی هەیە و ئاتلێتیکۆش مەرجەکانی قورسن، بەڵام کارگێڕیی یانەکە پێیان وایە یاریزانێکی وەکوو خولیان تەواو جیاوازە و زۆر زەحمەتە لە بازاڕدا دەست بکەوێت، بۆیە یانەکە ئامادەیە ئەو قوربانییە داراییە گەورەیە بدات.



